ئادار 24, 2017 16:02 Asia/Tehran
  • قەیرانی تازە لە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و ئانکارا دوابەدوای بڵاو بوونەوەی وێنەی لەشکریانی ڕووس لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وێڕای بانگ کردنی کارداری ڕووسیا لە ئانکارا، سەبارەت بە بڵاو بوونەوەی وێنەی لەشکریانی ڕووس لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە لە سووریا ناڕەزامەندیی دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەر دوو بابەت کارداری ڕووسیای بۆ ئەم وەزارەتخانەیە بانگ کرد. یەکەم بابەت تەقەکران لە ناوچەکانی ژێر ڕکێفی یەپەگە لە سنوورەکانی تورکیایە کە کوژرانی سەربازێکی تورکیا لە ناوچەی سەرسنووریی ڕەیحانلیی لێ کەوتووەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەم بارەیەوە وشداریی داوە کە ئەگەر بێتو وەها بابەتێک دووپات بێتەوە کاردانەوە پیشان دەدات و سوپای تورکیا دێتە مەیدانەوە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە بابەتێکی تر کە بووەتە هۆی ئەوەی کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کارداری ڕووسیا لە ئانکارا بانگ کات، بڵاو بوونەوەی وێنەیەکی هێزەکانی سوپای ڕووسیا لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگەیە لە باکووری سووریا لەکاتی بەرپاکرانی ئاهەنگی نەورۆز.

موفتی ئوغلو، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وتوویەتی: ئێمە چاوەڕوانی هەنگاوی ڕووسیا لەمەڕ داخستنی نووسینگەی یەپەگە لە مۆسکۆداین. ڕووسیاو هاوپەیمانەکانی دیکەی ئێمە دەبێ ڕێز لە هەستیارییەکانی تورکیا بگرن. کارداری ڕووسیامان ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو وێنەیەی هێزەکانی سوپای ڕووسیا لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە قەت جێگای قەبووڵی ئێمە نییە.