ئادار 27, 2017 18:43 Asia/Tehran
  • بیست ڕۆژ ماوە بۆ کۆپرسییەکەی هەموار کردنی یاسای بنەڕەتیی تورکیاو دەنگی نا  هەروا لە دەنگی ئەرێ زیاترە

بەپێی دوایین و گەورەترین ڕاوەرگرتن لە بارەی کۆپرسیەکەی هەموار کردنی یاسای بنەڕەتیی تورکیا، ناتەبایان پتر لە سەدی پەنجاویەکن و تەبایانیش پتر لە سەدی چل و هەشتی دەنگەکانیان بە خۆیان تەرخان داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کورد پرێس، ئایقورت ئەردوغدو نوێنەری ئەستەموڵی سەربە پارتی کۆماریخوازی گەل لە پەرلەمانی تورکیا، لە پەیجی توییتێری خۆی دا دەرەنجامی ڕاوەرگرتنی کۆمپانیای ڕاوەرگرتنی (کۆنسنیوس)ی کە لە گەورەترین ڕاوەرگرتنەکان لە ئاستی باڵای وڵاتی تورکیا لە بارەی کۆپرسیی هەموار کردنی یاسای بنەڕەتیی 16ی ئاپریلی 2017 دێتە ئەژمار، ڕاگەیاند.

بە پێی دەرەنجامی بەدەست هاتوو لەم ڕاوەرگرتنە، دەنگی نا بەم کۆپرسییەی هەموار کردنی یاسای بنەڕەتیی تورکیا لە سەدا پەنجاویەک پۆیینت دوو لە بەرامبەر سەدی چل و هەشت پۆیینت هەشتی دەنگی ئەرێیەو ئەمەش لە حاڵێکدایە کە تەنیا بیست ڕۆژی ماوە بۆ بەرپا کرانی ئەم کۆپرسییە.

بەپێی ئەو ئاکامەی بەدەست هاتووە، سەدی هەشتی بەشدارانی دەنگوەرگرتنەکە هێشتا بڕیاری یەکجارییان لە بارەی دەنگدان بەم کۆپرسییە نەداوە. دیارە ئەم ڕێژەی سەدی هەشتەی کە ماوەتەوە دەتوانێ شوێن لە سەر دەرەنجامی کۆپرسییەکە دابنێت.