نیسان 24, 2017 16:12 Asia/Tehran
  • هەدەپە: سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسەکداغ ئازاد بکەن

نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا لەڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە نەوەدو حەوتەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی ئەنجومەنی نیشتمانی تورکیا ، گرتنی هاوسەرۆکان و نوێنەرانی دیکەی ئەو پارتەی بەنایاسایی ناوبردو خوازیاری ئازادکرانیان بوو.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، ئەحمەد یێلدریم نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان(هەدەپە) کە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی نەوەدو حەوتەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی ئەنجومەنی نیشتمانی تورکیا، بەنوێنەرایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسەک داغ هاوسەرۆکانی بەندکراوی ئەو پارتە قسەی دەکرد، پێی داگرت: درێژەی گرتنی هاوسەرۆکانی هەدەپەو نوێنەرانی دیکەی ئەو پارتە، نموونەی ئاشکرای نەبوونی سەروەریی یاساو پێشێلکرانی ئەسڵی باڵادەستی ئیرادەی گشتییە.

یێڵدریم وتی: "درێژەی ئەو دۆخە نایاساییە بێگومان زەبر دەدات لە داهاتووی تورکیاو پلەوپێگەی ئەو وڵاتە لەئاستی جیهاندا. ئەو گرتنە سیاسیانە، دەبێ کۆتایی پێ بێت.

یێڵدریم بۆ ڕەخنە گرتن لە کردەی حکومەتی تورکیا لەمەڕ کۆتایی هێنان بە پرۆسەی ئاشتی کە بەئامانجی چارەسەریی کێشەی کوردەکان دەسپێکرابوو، وتی: هەوڵدان بۆ کودەتا بەهۆی بڕیاردانی حکومەت لەجێگیرکردنی سەرلەنوێی ڕێوشوێنە توندە ئاسایشییەکان بوو. ناوبراو وتی: کۆتایی هێنان بە پرۆسەی ئاشتی سەردەمێکی تاریکی بەدواوە بوو کە تێیدا هەوڵدان بۆ جێ بەجێ کردنی کودەتای ١٥ی ژولای ڕوویدا."