نیسان 24, 2017 20:18 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی بەرپرسێکی تورک لە نەیارانی گشتپرسی لەو وڵاتە

وتەبێژی حکومەتی تورکیا بەئاماژە بەوەی کە کەس بۆی نییە لەبارەی ریفراندۆمی هەموارکردنی دەستور ڕای دەرببڕێ، باسی سەفەری سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەی کرد بۆ ئەمریکاو ڕووسیا لەمانگی داهاتوودا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، ئیبراهیم کالین وتەبێژی حکومەتی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند؛ گشت پرسی هەموارکردنی یاسای بنەڕەتی، پرسێکی ناوخۆییە.

کالین لەپرێس کۆنفرانسی حەوتانەی لەئانکاڕا بەئاماژە بەوەی کە گۆڕانی سیستەمی تورکیا لە پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی لەگشت پرسی پشت ڕاست کرایەوە، وتی: بەزوویی سەرۆک کۆمار سەرلەنوێ پەیوەندی دادەمەزرێنێتەوە لەگەڵ پارتی دادوگەشەپێدان.

ناوبراو پێی داگرت؛ سەرباری ئەوەی کە وڵاتانی ئوروپایی دەخوازن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا باش بکەن، بەڵام هەڵوێستی بڕێک لەوان لەمەڕ داڵدەدانی تیرۆریستان نەگۆڕدراوە.

وتەبێژی حکومەتی تورکیا لەمەڕ هەڵوێستی ژمارێک وڵاتی ئوروپایی لەبارەی ریفراندۆمیش وتی: سەرانی ئوروپا دەیانویست سەرۆک کۆمار لەو گشتپرسییە شکست بێنێ بەڵام ئەنجامەکەی بەپێچەوانە بوو.

ئیبراهیم کالین لەبارەی گرێبەستی کۆچبەران لەگەڵ یەکێتی ئوروپا وتی: لەنێوان ئانکاڕاو وڵاتانی ئوروپایی ڕێککەوتن کرا، سێ ملیارد یۆرۆ بۆ پێش گرتن بەچوونی پەناخوازانی نایاسایی بەو وڵاتە بدرێ بەڵام ئوروپا تائێستا تەنیا نزیک بە٨٠٠ملوێن یۆرۆی داوەو داوامان لەئوروپا کردووە، بەڵێنیەکانی جێ بەجێ بکات.

ناوبراو هەروەها وتی: "داوامان لە ئوروپا کرد ڤیزای سەفەری شارومەندانی تورک بۆ ئەو کیشوەرە هەڵوەشێنێ بەڵام هیچ کارێکی لەوبارەوە ئەنجام نەداوە. ئوروپا دەبێ هەڵوێستێکی ڕوون بگرێتەبەر لەهەمبەر پرسی تیرۆریزمدا."

وتەبێژی حکومەتی تورکیا هەروەها باسی سەفەری رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەی کرد بۆ ئەمریکا، ڕووسیا، چین و هیندستان لەمانگی مای داهاتوودا.