نیسان 29, 2017 17:34 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان ڕوو لە نێچیرڤان بارزانی: پێویستە، بەهەوڵی هەموو لایەک، پەکەکە لە شنگال دەربکرێ

سەرۆک کۆماری تورکیا لەدیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کرد لەسەر پێویستی هەوڵێکی هەمووانی بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شاری شنگال لەباکوری ئێراق.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لەماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەفەرێک بۆ تورکیاو بەشداری لە جڤینی ئەتلەنتیک لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دیدار و وتوێژی کرد.

رەجەب تەییب ئەردۆغان لەو دیدارەدا سەرەتا داخ و مەخابنی و سەرەخۆشی خۆی لەبەر کوژرانی ژمارێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لە بۆردومانی ناوچەی شنگال لەلایەن فڕۆکەکانی ئەو وڵاتە ڕاگەیاندووە، وتی: تورکیا ئامادەی هەرچەشنە هاوکاریە بۆ چارەسەریی بریندارانی ئەو ڕووداوە.

ناوبراو لەدرێژەی ئاخاوتنەکەیدا بەئاماژە بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستانی ئێراق و تورکیا لەگشت بوارەکان و پێویستی پەرەی ئەو پەیوەندیانە، وتی: تورکیا، گرینگی دەدا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هێمنی وئارامبوونی ئێستای هەرێم بەگرینگ دەزانێ.

رەجەب تەییب ئەردۆغان وێڕای پێداگری لەسەر درێژەی هاوکارییەکانی نێوان دوو لایەن و ئاماژە بە پێشوازی هەرێم لە ئاوارەکانی شەڕی دژ بەتیرۆریزم و هەوڵدان بۆ نیشتەجێ کردنیان ، جەختی کرد لەسەر پێویستی چارەسەریی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر وبەغدا لەڕێی وتووێژەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو دیدارەدا نیگەرانی دەربڕیوە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شنگال و ئەگەری دووپات بوونەوی و هیوای خواست، هێزەکانی پەکەکە، ناوچەکە جێ بێڵن.

نێچیرڤان بارزانی وتی کە ئۆپراسیۆنی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا لەباکوری ئێراق و سوریا بەرەوڕووی کاردانەوەی وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان بووە و جگە لە ئەمریکا بڕێک هاوپەیمانی رۆژاوایی تورکیاش کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو هێرشەی سوپای تورکیا ئەنجام داوە. حکومەتی ئێراق ، ئەو هێرشەی لەدژ یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان زانی و بەتوندی ئیدانەی کرد.