حوزه‌یران 23, 2017 10:37 Asia/Tehran
  • وتەبێژی یەپەگە: تورکیا لە پێناو هێرشکردنە سەر عەفرین خەریکی گواستنەوەی هێزەکانی بۆ ئەعزاز و مارەیە

وتەبێژی هێزەکانی کوردی یەپەگە ڕایگەیاند کە تورکیا بە مەبەستی هێرش کردنە سەر کانتۆنی عەفرین، بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی خۆی بۆ ناوچەی مارە و ئەعزاز گواستۆتەوە.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی سپۆتنیک، نووری مەحموود، وتەبێژی هێزەکانی یەپەگە لە لێدوانێکدا بە ئاماژە بە جموجۆڵی سەربازیی تورکیا لە سنووری عەفرین – کیلیس و هەروەها جموجۆڵی سەربازی لە ناوخۆی سووریا، ڕایگەیاند: تورکیا لە سنووری عەفرین دەستی داوەتە گواستنەوەی هێز و چەک و چۆڵ. هەروەها شایەدی جموجۆڵی سەربازیی هێزەکانی تورکیا لە ناوخۆی سووریاداین.

ناوبراو وتیشی: تورکیا هێزەکانی خۆی گواستۆتەوە بۆ ئەعزاز و مارە. لە سنوورەکانیشدا گواستنەوەی هێز پەرەی سەندووە. لە ئیدلیبشدا شایەدی ڕەوانەکردنی وەجبە و جیهازاتی شەڕین. چەکی قورسیش ڕەوانەی ئەعزاز کراوە. سەبارەت بە ئامار و ڕێژەی چەک و جیهازاتی ڕەوانەکراوی تورکیا زانیارییەکی دروست بە دەستەوە نییە.