حوزه‌یران 23, 2017 10:37 Asia/Tehran
  • سوپای تورکیا تانکەکانی خۆی لە سنووری نێوان ئەم وڵاتە و سووریا سەقامگیر کرد

سوپای تیورکیا دوابەدوای بەڕێ کرانی باری سەربازیی نوێ لە لایەن ئەمریکاوە بۆ گرووپی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) چەن تانک و کەرەستەی نوێی سەربازی گواستۆتەوە بۆ سنووری پارێزگەی کیلیس لە باشووری ئەم وڵاتەدا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی ئیرنا و بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی دوغان؛ دوابەدوای ئەوەی ئەمریکا کەرەستە و چەک و چۆلی نوێی بەڕێ کرد بۆ هێزی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە باکووری سووریا، سوپای تورکیا جم و جۆڵی خۆی لە سنووری باشووری ئەم وڵاتە بەتایبەت لە پارێزگەی کیلیس پەرە پێداوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ ژمارێک تانکی جەنگی هاوڕێ لەگەڵ لۆریی سەربازیی سوپای تورکیا لە بنکەی سەربازیی هێزی زەوینیی سوپای تورکیاوە بەڕێ کراون بۆ سنووری کیلیس کە بەرامبەر بە کانتۆنی عفرینی سووریادایە.. ئەرکانی گشتیی هێزەکانی سوپای تورکیا ڕایگەیاندووە ئامانجی لە گواستنەوەی ئەم کەرەستەی سەربازییە بەهێزتر کردنی هێڵی بەرەڤانیی سوپای تورکیا لە سنوورەکانی باشووری ئەم وڵاتەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا ، تورکیا لە ناوچە باشوورییەکانی خۆیدا ٩١٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریادا هەیە. پێش دەسپێبوونی ئۆپەراسیۆنی ڕزگار کردنی شاری ڕەقەی سووریا لە دەستی داعش لە لایەن هێزە ئەمریکاییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە داعشەوە بە پشتیوانیی شەڕڤانانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا (یەپەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە)، تورکیا ڕایگەیاند کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشداری ناکات لەبەر ئەوەی کە ئەم دوو گرووپە تیرۆریستین و لە ڕاستیدا لقی سووریایی پەکەکە"ـن.