ئاب 16, 2017 16:30 Asia/Tehran
  • پێداگریی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەر چارەسەر کرانی پرسی خودانەتیی دوورگەکانی دەریای ئێژە لەگەڵ یۆنان لە ڕێگای دانوستانەوە

وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا لە سەر چارەسەر کرانی پرسی خودانەتیی دوورگەکانی دەریای ئێژە لەگەڵ یۆنان لە ڕێگای دانوستانەوە پێی داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، مەولوود چاووش ئوغلو وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: نەچەسپێندرانی سنوورە دەریاییەکان بە پەیمانێکی نێونەتەوەیی جێی بڕوا لە نێوان تورکیاو یۆنان لە بارەی پرسی خودانەتیی بڕێک لە دوورگە بچوکەکان لە دەریای ئێژە بەشێکە لە ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵات.

مەولوود چاووش ئوغلو وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا وتیشی: پرس و ناکۆکییەکانی هاوپەیوەند بە دوورگەکانی ئێژە لە چوارچێوەی ڕێگاکانی دانوستان و وتووێژی ئێستای نێوان تورکیاو یۆنان بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە تاوتوێ دەکرێت و تورکیا بەنیازە تەواوی ئەم پرسانە لە چوارچێوەی مافی  نێونەتەوەیی و بەشێوەیەکی گونجاو ، حەقخوازانەو بە گوێرەی بەرژەوەندی و مافی بنەمایی لە ڕێگای دانوستانەوە چارەسەر بکرێت.

تورکیاو یۆنان لە ڕووی خودانەتیی لە دەریای ئێژە و هەرێمی ئاسمانی و دەستەڵاتی دوورگەکانی ئەم دەریایەو پرسی دوورگەی قوبریسەوە ناکۆکییەکی قوڵیان پێکەوە هەیە. ئەم ناکۆکییانەش جاروبار دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکیی بەبڕشتانە لەنێوان دوو وڵات.