ئاب 18, 2017 11:43 Asia/Tehran
  • لەبەند کرانی ٩ ڕۆژنامەوان لە تورکیا بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ گرووپی گولەن

٩ ڕۆژنامەوانی تورکیایی بە تۆمەتی پێوەندی دا بوون لەگەل گرووپی گولەن لەبەند کران.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ کاربەدەستانی تورکیا گومانی ئەوەیان بردۆتە سەر ئەم ٩ ڕۆژنامەوانە کە نەرم ئامێری بایلاک "ByLock"ـیان بەکار هێناوە. ئانکارا ئەم نەرم ئامێرە بە ئامرازی پێوەندیی تایبەتی هۆکارانی کودەتای بێ ئاکامی ١٥ی ژولایی ٢٠١٦ی ئەم وڵاتە دەزانێ.

لە تورکیادا ژمارێکی زۆر لە مێدیاکان لە چوارچێوی دۆخی نائاسایی کە پاش کودەتا بێ ئاکامەکەی ئەم وڵاتە راگەیەندراوە، داخراون.

ژمارێک لە ڕۆژنامەوانانی بیانیش لە تورکیا لە ماوەی چەن مانگی ڕابردوودا گیراون.

تورکیا لە ڕیزبەندیی ساڵی ٢٠١٧ی ناوەندی پەیامنێرانی بێسنوور سەبارەت بە ئازادی مێدیا لە نێو ١٨٠ وڵاتی جیهاندا لە سەر پلەی ١٥٥ دا راوەستاوە.

گرتن و لەبەند کردنی شاروومەندانی تورکیایی بە تۆمەتی دەستێدابوونی لە کودەتا یان لە پێوەندیدا بوون لەگەڵ کۆمەڵی گولەن بووە بە مەسەلەیەکی زۆر ئاسایی و باو لەم وڵاتەدا.

دەوڵەتی تورکیا تەگبیری زۆر توند و سەختگرانەی بۆ بەرەنگاربونەوەی کودەتاچییەکان و داکۆکیکارانیان وهەروەها کەسانی هاوپێوەند بە جەماعەتی گولەن گرتۆتە بەر. ئانکارا دوابەدوای کودەتای بێ ئاکامی ژولایی ٢٠١٦ تا ئێستا، پێنج جار دۆخی نائاسایی ڕاگەیاندووە و کە ئێستایش هەر حاڵەتە هەر بەردەوامە و هەروەها تا ئێستا زیاتر لە سەد و سی هەزار کەس لە پێوەندی لەگەڵ ئەو کودەتایە زیندانی کردووە و ژماەرێکی زیاتریشی لە سەر کار و پۆستەکانیان وەلاناوە.

دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات ؛ "فەتحڵلا گولەن" بە دزە کردنە نێو دام و دەزگەکانی دادەوانی، سەربازی، فێرکاری و هەروەها ناوەندە دەوڵەتییەکان، کودەتای بێ ئاکامی ١٥ ژولایی وەڕێخستووە. بەڵام گولەن ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

یەکێتیی ئەورووپا و پارتەکانی نەیاری دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتی ئەم وڵاتە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە مەسەلەی کودەتای بێ ئاکامی ٢٠١٦ی تورکیای کردووە بۆ سڕینەوەی هەموو نەیارانی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسەت و دەسەڵاتی ئەم وڵاتە.