ئه‌یلوول 24, 2017 12:06 Asia/Tehran
  • درێژ کرانەوەی ئامادە بوونی هێزەکانی تورکیا لە دوو وڵاتی عێراق و سووریا

ئەنجومەنی نیشتیمانیی تورکیا گەڵاڵەی درێژ کردنەوەی ئامادە بوونی هێزەکانی تورکیا لە دوو وڵاتی عێراق و سووریای بۆ ماوەی دوو ساڵی تر ئەرێ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەم گەڵاڵەیە ڕۆژی شەممە بە دەنگی تەبای نوێنەرانی سێ پارتی دادوگەشە، کۆماری گەل و بزوتنەوەی نەتەوەخواز پەسەند کرا.

بە پەسەند کرانی ئەم گەڵاڵەیە، دەوڵەتی تورکیا مۆڵەتی یاسایی بۆ هەنگاوی سەربازی لە خاکی سووریا، لەوانە لە شاری ئەدلەب بە پێی ڕێککەوتننامەی دانوستانەکانی ئاستانەو هەروەها جوڵانەوەی شیمانیی سەربازی لە باکووری عێراق دا دەست دەکەوێ.

تورکیا بۆ هەنگاوە سەربازییەکانی لە سووریا شەش هەزار چەکداری ئامادە کردووەو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کەرەستەو ترۆمبیل و تفاق و چەکەمەنییەکی زۆری بۆ سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا گواستووەتەوە.

دەنگی ئەرێی پەرلەمانی تورکیا بە درێژ کردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق و سووریا دوو ڕۆژ بەر لە بەڕێوە چوونی ڕیفراندۆمەکەی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامی گرتووە.

تورکیا پێشتر ڕایگەیاند بوو کە لە کاردانەوە بەرامبەر بە ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەنگاوێکی ئاسایشتی و سیاسی و ئابووری هەڵدەگرێت.

وتەبێژی ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیاش وتوویەتی: بەڕێوە چوونی ئەم ڕیفراندۆمە هەڵەیەکی قەرەبوو نەکراوە کە بشێوییەکانی ناوچەکە پەرە پێ دەدات.

پێداگریی " مەسعوود بارزانی" لە سەر بەڕێوە چوونی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق دا لە ٢٥ سێپتەمبەری ٢٠١٧ دا بەرەوڕووی کاردانەوەی بە بڕشتانەی دەوڵەتی عێراق، تاقمە جۆر بە جۆرەکانی عیراقی و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بووەتەوە .