تشرینی یه‌که‌م 15, 2017 12:48 Asia/Tehran
  • تورکیا خەریکی پەرە پێ دانی مۆڵگەی لەشکرییەکانیەتی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا

شایەتحاڵان لەو باوەڕەدان کە سوپای تورکیا خەریکی پەرە پێ دانی مۆڵگەی لەشکرییەکان و کەرەستەو تفاقە جەنگیەکانیەتی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم بەگێڕانەوە لە ڕۆیتێرز ، شایەتحاڵان ئەمڕۆ یەکشەممە پێیان داگرت کە سوپای تورکیا خەریکی پەرە پێ دانی مۆڵگەی لەشکرییەکان و کەرەستەو تفاقە جەنگیەکانیەتی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا بە مەبەستی گەمارۆ دانی کوردەکان لە پارێزگای سەرسنووریی ئەدلەب.

کاروانێکی داگری لەشکریانی سوپای تورکیا ڕۆژی پێنج شەممە گەییشتنە ناوچەی سەرسنووریی بابولهەوا. ئەمە یەکەم مۆڵ درانی لەشکریانی تورکیا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریایە لە ساڵی ڕابردووەوە، واتە لەوەتەی کە ئانکارا شاڵاوێکی گەورەی زەوینی و ئاسمانیی بۆ پاکتاوکردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە سەرسنوورییەکانی تورکیا دەست پێ کردووە.

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە لانیکەم چوار کاروانی سوپای تورکیا کە هەڵگری ژمارەیەکی زۆر ترۆمبیلی زرێدارو کەرەستەی سەربازین لە ناوچە جۆربەجۆرەکاندا سەقامیان گرتووەو چاوەڕوان دەکرێت کە سەقامگرتنی ئەم هێزانە بەرەو ناوچەکانی ژێر ڕکێفی هێزە سەرهەڵداوەکانی سووریاش تەشەنە بستێنێ.

تورکیا لە بیست و چوارەمی ئوتی ساڵی دووهەزاروپانزە بە پێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و بە بێ مۆڵەت وەرگرتن لە حکومەتی یاسایی سووریا ئۆپراسیۆنی سەربازیی خۆی ناسراو بە قەڵغانی فۆرات لە سووریادا دەست پێ کردووە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی سووریا وێڕای ئیدانە کردنی پێشێلکرانی سەروەریی ئەم وڵاتە لە لایەن تورکیاوە، داوای چوونەدەرەوەی دەستبەجێی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە خاکی سووریای کردووە.

قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 بە هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆریستانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیاوە بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە  پشتیوانییان لێ دەکرێت، سەری هەڵدا. لە ئەنجامی ئەم هێرشانە هەتاکوو ئێستا سەدان هەزار کەس کوژراون و یان بریندار بوونەو ملوێنان کەسیش ئاوارەو هەڵوەدا کراون.