تشرینی یه‌که‌م 15, 2017 12:49 Asia/Tehran
  • داخوازیی سووریا لە تورکیا بۆ بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە ئەدلەب

وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە بەیاننامەیەک دا داوای لە تورکیا کرد هەرچی خێراتر هێزەکانی لە پارێزگای ئەدلەبی باکووری ڕۆژئاوای سووریا بباتە دەرەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیانەی سووریا( سانا) وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئێوارەی ڕۆژی شەممە لەم  بەیاننامەیەدا، چوونی هێزەکانی سووپای تورکیا بۆ ئەدلەبی ئیدانەکردو وەک پێشێل کردنی ئاشکرای سەروەری و دەستەڵاتی نیشتیمانیی سووریا باسی کرد.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە : ئەم هەنگاوەی تورکیا نەک هەر هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێککەوتنەکانی نێوان وڵاتانی گەرەنتی دەری کۆبوونەوەکەی ئاستانە نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەش دا یەک ناگرێتەوەو بە واتای پێشێلکرانیەتی.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوای لە هێزەکانی تورکیا کرد کە هەرچی خێراتر خاکی سووریا بەجێ بهێڵن، چونکو هاتنیان لە ڕاستی دا پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی سووریایەو تورکیا هیچ پاسایەکی بۆی نییە.

لە ڕەوتی شەشەمین خولی دانیشتنەکانی ئاستانە لە چواردەی سپتامبەری 2017 کە بە ئامادە بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیاو تورکیاو نوێنەرانی سووریا و نەیارانی چەکداری دەوڵەت و ستیفان دی میستورا نوێنەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لە پێتەختی کازاخستان بەڕێوە چوو، لە سەر پێکهاتنی ناوچەیەکی تازەی کەم ئاڵۆزی لە پارێزگای ئەدلەب ڕێککەوتن کرا.

قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 بە هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆریستانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیاوە بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە  پشتیوانییان لێ دەکرێت، سەری هەڵدا. لە ئەنجامی ئەم هێرشانە هەتاکوو ئێستا سەدان هەزار کەس کوژراون و یان بریندار بوونەو ملوێنان کەسیش ئاوارەو هەڵوەدا کراون.

 

سەرپەیڤ