درێژەی گوشارەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆسەر تورکیا
میدیاکانی ڕۆژاوایی باسی بڕیاری یەکێتیی ئەورووپا لەسەر پچڕاندنی یارمەتی ماڵی خۆی بەمەبەستی ئەندامەتی تورکیا لەم یەکێتیەی کرد .
هەواڵدەریی ڕویتەرز ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند: یەکێتی ئەورووپا بڕیارە هەتا 175 ملوێن یۆرۆ یارمەتی ماڵی بۆ تورکیا لەساڵی 2018 لە پێوەندی لەگەڵ ڕەوتی وتووێژی ئەندامەتی ئەم وڵاتە لە یەکێتیی ئەورووپا بپچڕێنێ و تەنانەت پێش بە دانی نیزیکەی سێ میلیار و 500 ملوێن یۆرو قەرزی گەشەی تەرخان کرا، بگرێت .
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم کارە وەک کارێکی سەمبولیک بە دژی بنپێکرانی مافی مرۆڤ لە تورکیا ، ئەنجام دەبێت .
زیگفرید مورسان بەرپرسی بودجە لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاند : تاکاتێک کە تورکیا ڕێز لە ئازادی بیروڕا و مافی مرۆڤ ناگرێت و لە ستانداردەکانی دیمۆکراتیکی ئەورووپا دورتر دەبێتەوە، ئەم یەکێتییە ناتوانێت یارمەتی ماڵی بداتە ئەو وڵاتە .
ئەم ڕووداوە نیشاندەری شکستی هێدی هێدیی هەوڵەکانی چەندین دەیەی ڕابردووی تورکیا بۆ پەیوەست بوون بە یەکێتیی ئەورووپایە.
بەهۆی پەرەسەندنی سەرکوتەکان و گرتنەکان لە تورکیا ، دوابەدوای کودەتای بێ ئەنجامی پازدەی ژووئیەی ساڵی 2016، پێوەندی ئەنقەرە لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بەرەوڕووی کێشە و گرفت بوەتەوە.