کانونی یه‌که‌م 17, 2017 13:03 Asia/Tehran
  • پێداگریی یەلدریم لەسەر داکۆکیی تورکیا لە فەلەستین

سەرۆک وەزیرانی تورکیا دیسان جەختی کرد لە سەر پێبەند بوونی ئانکارا بە داکۆکی لە فەلەستین.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتوولیی تورکیا؛ "بن عەلی یەلدریم" ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان بە ئاماژە بە کرانەوەی نووسینگەیەک بۆ فەلەستین لە ئاستی باڵیۆزخانە لە تورکیادا وتی: ئێمە لە هەموو کۆڕ و ناوەندە نیودەوڵەتییەکان پشتیوانی دەکەین لە فەلەستین و  قودس و ئەو ڕەوتەیش هەر درێژە پێ دەدەین.

سەرۆک کۆماری تورکیایش ڕۆژی شەممە لە لێدوانێکدا لە شاری ئەستەموڵ ڕایگەیاند کە خەڵک و دەوڵەتی ئەم وڵاتە ئێستایش هەر سوور وپێداگرن لە سەر داکۆکییان لە گەلی چەوساوەی فەلەستین و پێکهاتنی وڵاتی سەربەخۆی فەلەستینی بە پێتەختیی قودس.

"ڕەجەب تەیب ئەردوغان" لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکای دایە بەر ڕەخنە و گازندەوەی توندەوە و بە هێمای شکست هێنانی ئەمریکا لە سیاسەتەکانی ڕێبەرایەتیی ئەم وڵاتە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا زانی.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا چوارشەممە (شەشەمی دێسەمبەر)  وێرای نەیارەتیی بەربڵاوی ناوچەیی و جیهانی رایگەیاند کە ئەمریکا شەرعییەت دەدات بە قودس وەکوو پێتەختی ئیسراییل و هەروەها فەرمانی دا بە وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە کە تەگبیری پێویست بۆ گوێزرانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تێلاڤیڤەوە بۆ بەیتولموقەدەس بەڕێوە ببات.

 

سەرپەیڤ