ئاشکرابوونی گەڵاڵەی ترۆری ئەردۆغان لە سەردانی بۆ یۆنان
سەرچاوە ئاسایشیەکانی یۆنان ، باسی پوچەڵکرانەوەی هەڵمەتی ترۆری سەرۆکی تورکیا دەکەن لە ئاسێنا .
رۆژنامەی (توفیما)ی یونان رۆژی یەکشەممە بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاسایشیەکانی ئەو وڵاتە نوسی ، هێزە ئاسایشیەکانی یۆنان بە هەڵمەتی ترۆری رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیالە سەردانی بۆ یۆنانیان زانی و پوچەڵیان کردەوە .
ئەردۆغان مانگی رابردوو لە سەرووی شاندێکی باڵادا بۆ یەکەم جار دوای 65 ساڵ وەک کاربەدەستی باڵای حکومەتی تورکیا سەردانی یۆنانی کرد و لە گەڵ کاربەدەستانی ئەم وڵاتە دیدار و تووێژی کرد .
بە گوێرەی نوسینی رۆژنامەی توفیما ، پۆلیسی یۆنان نۆ کەسی بە تاوانی هەوڵدان بۆ کوشتنی ئەردۆغان گرتووە .
پۆلیسی یۆنان لەمبارەوە وتوویەتی لە هەڵمەتی گرتنی کەسێکی گومانلێکراودا نوسراوەگەلێکی بەدەست هێناوە کە باسی ترۆری ئەردۆغانیان تێدا کراوە .
بە پێی ئەم راپۆرتە ، بڕیا بوو ئەم هەڵمەتە بە تێگرتنی رۆکێت و هەڵدانی بۆمبی دەسکرد و بتڵی ئاگرین ئەنجام بێت .
پۆلسی یۆنان ئەگەری ئەوەی خستووەتە ڕوو کە کەسانی گیراو تەقەمەنی لەبەرچاو گیراو بۆ ئەم ترۆرەیان لە ناوچەیەکی کوێستانیی نزیک ئاسێنا شاردبۆوە .
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاسایشیانەی یۆنان ، کەسانی گیراو سەر بە تاقمێکی چەکدار لە تورکیا و هاوڵاتی ئەو وڵاتەن .