شوبات 15, 2018 21:42 Asia/Tehran
  • بانگەشەی وەزیری بەرەڤانیی تورکیا لەمەڕ ڕاگرتنی شاڵاوی بەناو چڵەزەیتون

وەزیری بەرەڤانیی تورکیا بانگەشەی کرد: هیچ داخوازییەک بۆ ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنی خۆی وتەنی چڵەزەیتوون لە ناوچەی عەفرینی سووریا لە لایەن کاربەدەستانی وڵاتانی جۆربەجۆرەوە نەکراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتۆلی، نورەددین جانیکلی ڕۆژی پێنج شەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرەڤانیی ڕێکخراوەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ) لە برۆکسێڵ وتی: ئانکارا ڕەوا بوونی ئۆپراسیۆنی ناوچەی عەفرینی بە باشی بۆ تەواوی جیهان ڕوون کردوەتەوە.

وەزیری بەرەڤانیی تورکیا وتیشی : لەو دیدارە بەردەوامانەی کە لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتانی جۆربەجۆردا لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو لە برۆکسێڵ دا هەیبووە، ئۆپراسیۆنەکەی عەفرینی بۆ شی کردوونەتەوە.

وەزیری بەرەڤانیی تورکیا وێڕای ئاماژە کردن بە دیداری ڕۆژی چوارشەممەی لەگەڵ جەیمز ماتیسی هاوتای ئەمریکیی خۆی وتیشی: زانیاریی هاوپەیوەند بە هاوکاریی نزیکی تاقمە تیرۆریستەکان ، پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیاو پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سوریاو هەروەها ئۆپراسیۆنەکەی عەفرینی خستووەتە بەر دەستی وەزیری بەرەڤانیی ئەمریکا.

بە قسەی ناوبراو ڕێکخراوەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ) و ئەمریکا داواکاری ڕاگیرانی ئۆپراسیۆنەی خۆی وتەنی چڵەزەیتون نین.

ئەم قسانەی وەزیری بەرەڤانیی تورکیا لە حاڵێکدا دەکرێت کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا ئەمریکاو تورکیا لە سەر بابەتگەلی جۆربەجۆر لەوانە ڕادەست کردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن تۆمەتباری ڕیزی یەکەمی کودەتا سەرکەوتوەکەی تورکیا، ڕاژەکاریی دەرکردنی ڤیزە، ئۆپراسیۆنی بەناو چڵەزەیتون و پشتگریی واشێنگتۆن لە کوردەکانی سووریا ناکۆکیی بەبڕشتانەیان هەیە.

هەر لەم حاڵەدا کاربەدەستانی باڵای تورکیا لەوانە سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە گەلێک جار وشداریان داوەتە ئەمریکا کە ئەگەر بێتوو کۆتایی بە پشتگری کردنی دراڤی و چەکەمەنیی خۆیان بۆ شەڕڤانانی کوردی سووریا لە باکووری ئەو وڵاتە نەهێنن ئەوا پەیوەندییەکانیان تێک دەچێت.

شاڵاوی سەربازییانەی سوپای تورکیا و ھاوپەیمانە تیرۆریستەکانی دژی کوردانی شاری عەفرین لە باکووری سووریا لەژێر ناوی چڵەزەیتوون لە ڕۆژی شەممە بیستی ژانویەی ٢٠١٨ەوە دەستی پێکراوەو ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی سووریا وێڕای ئیدانەکردنی ئەم ھێرشانە ڕایگەیاندووە: ئەو ھەنگاوەی تورکیا بەزاندنی دەستەڵات و سەروەریی نیشتیمانیی سووریا دێتە ئەژمار.

سەرپەیڤ