شوبات 16, 2018 09:55 Asia/Tehran
  • دیداری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوپەڕی ئاڵۆز و سارد و سڕ بوونی پێوەندییەکانی نێوان واشینگتۆن و ئانکارا، لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا دیدار و وتووێژی ئەنجام دا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسا؛ "ڕێکس تیلەرسۆن"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەوڵێکدا بۆ کەم کردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان واشینگتۆن و ئانکارا کە دابەدوای ئۆپەراسیۆنی ئەمدواییەی تورکیا لە باکووری سووریا گەویشتۆتە ئەوپەڕی خۆی، ڕۆژی پێنجشەممە لە ئانکارادا چاوی بە "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا کەوت.

ئەرکی سەرەکیی دیپلۆماتی باڵای دەوڵەتی "دۆناڵد ترەمپ" ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کەم کردنەوەی تووڕەیی تورکیا بەرامبەر بە  سیاسەتەکانی ئەمریکا لە سووریادایە. سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای زەبەڵاحی وزە "ئێکسۆن مۆبیل" Exxon Mobil کە لە سەفەری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئێستا سەردانی ئانکارای کردووە لە کۆشکی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیادا لەگەڵ ئەردوغان دیدار و وتووێژی کرد.

تیلەرسۆن سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینیش لەگەڵ "مەولوود چاوش ئٶغڵوو"ی وەزیری دەرەوەی تورکیا دیدار و وتووێژ دەکات.

کارناسان دەڵێن ئاستی کێشە و ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و تورکیا هەر وەک ساڵی ٢٠٠٣ وایە کە تورکیا خۆی بوارد لە هاوکاری کردنی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی نێو خاکی ئێراق.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێش دیدار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا لە بەیرووت، ناردنی چەک و کەرەستەی جەنگی قورس بۆ شەڕوانانی کورد لە باکووری سووریا لە لایەن  ئەمریکاوەی وەدرۆ خستەوە.

سەرپەیڤ