شوبات 21, 2018 21:21 Asia/Tehran
  • قۆڵبەست کرانی نوێنەرێکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا

ھێزە ئاسایشتییەکانی تورکیا نوێنەرێکی پێشووی شاری باتمان لە پەرلەمانی ئەم وڵاتەیان قۆڵبەست کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی  چوارشەممەی ئیرنا بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی جمھورییەت چاپی تورکیا، ئایلا ئاکات ئاتا نوێنەری پێشووی شاری باتمان لە پەرلەمان و ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلانی ئەم وڵاتە( ھەدەپە) بە تۆمەتی ھاوکاری لەگەڵ خۆیان وتەنی تاقمە تیرۆریستییەکان لە لایەن فەرمانبەرانی پۆلیسی ئاسایشتی شاری ئامەدەوە قۆڵبەست کرا.

ئانکارا پاش کودەتا سەرنەگرتووەکەی پانزەی ژوییەی ٢٠١٦ یاسای حەسانەی نوێنەرانی پەرلەمانی وڵاتەکەی ھەڵوەشاندەوەو دوای ئەوە نوێنەری زۆر لە لایەن سەرچاوەکانی دادەڤانییەوە بانگ کران ، بەڵام نوێنەرانی پارتی کوردیی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) پێملی چوون بۆ بنکەی سەرچاوە دادەڤانیەکان نەبوون.

دوابەدوای ئەمەش سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسک داغ ھاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلانی تورکیا ھاوڕێ لەگەڵ چەند وێنەرێکی دیکەی سەر بەم پارتە لە سەرەتای نوامبەری ٢٠١٦ قۆڵبەست کران و ئێستاش لە زیندان دا بەسەر دەبەن.

دەوڵەتی ئانکارا دوای کودەتا سەرنەگرتووەکەی 15ی ژوییەی ٢٠١٦، دەستیان کرد بە ڕاپێچ کردنی بەربڵاو لە نێو ڕیزی لەشکریان، پۆلیس، دەزگای داد، کاربەدەستانی سیاسیی نەیار و کۆمەڵگای ھونەرمەندان و نوسەرانی تورکیا. ھەروەھا لە ئۆپراسیۆنێکی بەربڵاودا دژی لایەنگرانی فەتحوڵڵا گوێلەن، دەیان هەزار کەس لە لەشکریان ، پۆلیس، دادوەران، مامۆستایانی زانکۆو فێرکاران و کارمەندانی دەوڵەتی ڕاپێچ کران و یان لە کار هەڵپەسێردران و یاخود خرانە بەر پەیگەڕی یاسایی و دادەڤانی.

ڕادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکا هەروا لەو کێشانەی تورکیایەو بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردووک وڵات. سەرباری ئەمەش گوێلەن وێڕای ڕەت کردنەوەی بانگەشەکانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە دەست هەبوونی لە کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو، دەوڵەتی ئانکارا بە سەرکوت کردن و داپڵۆساندن و لەنێو بردنی دەنگە نەیارەکان تۆمەتبار دەکات.

جێگای ئاماژەیە نزیکەی حەوت هەزارو 655 کەس لە کارگێڕان و کارمەندانی سوپا، لەوانە 150 ژنراڵ و دەریاسالارو چوار هەزارو 287 ئەفسەریش، لەدوای کودەتاکە لە سەرکار لابراون.

 

سەرپەیڤ