ئەردۆغان هەڕەشەی سەربازی لە باکووری عێراق کرد
"رەجەب تەییب ئەردۆغان"ی سەرۆکی تورکیا هەڕەشەی کرد بێتوو حکومەتی عێراق هاوکار نەبێ لە کۆنترۆڵ کردنی پەکەکە هێرش دەکاتە سەر شاری شەنگالی باکووری ئەو وڵاتە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ دووشەممە لەقسەگەلێکدا لەشاری ئەستەمووڵ وتی: تورکیا چەندین جار بە حکومەتی ناوەندیی عێراقی ڕاگەیاندووە کە بەرزاییەکانی ناوچەی شنگال لەباکووری ئەو وڵاتە بووەتە شوێنی حەوانەوەی تیرۆریستن و ئەگەر هەنگاوێک هەڵنەگیردرێ بۆ کۆنترۆڵ کرانیان لەلایەن بەغداوە، هێرشی سەربازی دەکاتەسەر ئەو ناوچەیە.
تورکیا ئیدیعا دەکا کە کوێستانەکانی شاری شنگال کە لەباکووری عێراق و لە١٠٠کیلۆمیتریی سنووریی تورکیاو لەنزیک سنووری سووریا هەڵکەوتووە، دەگەڵ بەرزاییەکانی قەندیل لەخاکی عێراق و لەنزیک سنوورەکانی ئێران، شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا(پەکەکە) یە.
تورکیا پەکەکە بە گرووپێکی تیرۆریستیی دەزانێ و لەساڵی ڕابردووەوە هێرشێکی بەرفراوانی لەناوخاکی تورکیاو باکووری عێراق بۆ سەرکوت کردنیان دەس پێ کردووە.
ڕەوتی ئاشتی بۆ چارەسەریی کێشەی کورد لە تورکیا لە دیسەمبەری٢٠١٢وە دەسپێکراو پاش تەقینەوەی ژوولای٢٠١٥ لەشاری سوروچ یان پرسوس راگیراو پاشان، سوپاو هێزەکانی پەکەکە هێرش کردنەسەر پێگەکانی یەکتریان دەسپێکردەوە.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ژوولای ٢٠١٥ـەوە تائێستا لانیکەم ٦٠٠ کەس لە هێزی ئاسایشی تورکیاو پتر لە حەوت هەزار ئەندامی پەکەکە کوژراون.
حکومەتی ئانکارا ڕایگەیاندووە، ئیدی ڕێکاری سیاسی کێشەی کوردەکان لەئارادانییەو پەکەکە بەگۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی بەختی خۆی بۆ چارەسەریی دیپلۆماتیکی قەیران لەدەست داوە.
ئەردۆغان لەحاڵێکدا هەڕەشەی سەربازی لە باکووری عێراق دەکا کە سوپای تورکیا بەبیانووی لەناوبردنی نەیارانی کورد لە بیستی ژانڤییەی ئەمساڵەوە بە دەسدرێژکاریی ئاشکرای بۆسەر خاکی سووریاو بەهاوڕێتی هێزەکانی ناسراو بە سوپای ئازادی سووریا، ئۆپراسیۆنێکی بەناوی چڵە زەیتوون لە ناوچەی عەفرین لەباکووری سووریا دەس پێ کردووە.