ئادار 21, 2018 15:06 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئانکارا بەرامبەر بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان سەبارەت بە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە تورکیا

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە بارەی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەی بە دوژمنکارانە زانی .

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرانسا لە ئانکاراوە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی سێ شەممە لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: ڕاپۆرتی ئامانج دارانەی کومەیسەری مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان سەبارەت بە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە دوای کودەتا سەرنەگرتووەکەی ژوئیەی ٢٠١٦ دەربڕی ھاودەستیی ئەم دامەزراوەیە لەگەڵ تاقمە تیرۆریست و کودەتاچییەکانە لە تورکیا.

لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە: تورکیا ئەو ڕاپۆرتەی کە ھەڵگری زانیاریی دوژمنکارانەو ھەڵەیە بە جێگای قەبووڵ نازانێت.

زەید ڕەعد حسەین کومەیسەری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی خۆی دا سەبارەت بە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە تورکیا ڕایگەیاندووە: بەرپرسانی ئانکارا بە بیانووی بەشداری کردن لە کودەتای سەرنەگرتووی ساڵی ڕابردوو لەم وڵاتە، بەبێ ھۆ دەیان ھەزار کەسی گرتووەو یان لەسەرکار وەدەری ناون.

یەکێتیی ئەورووپاو لایەنەکانی نەیاری دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتی ئەم وڵاتە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە کودەتا سەرنەگرتووەکەی ژوئیەی ٢٠١٦ بۆ پاکتاوکردنی نەیارانی سیاسیی خۆی کەڵک وەردەگرێت.

دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە فەتحوڵڵا گوێلەن بە کنەکردنە نێو پێکھاتە دادەڤانی و لەشکری و فێرکاری و دامەزراوە دەوڵەتییەکان، کودەتا سەرنەگرتووەکەی ١٥ی ژوئیەی ٢٠١٦ی ئەنجام داوە، کەچی گوێلەن بۆ خۆی ئەو بوختانە ڕەت دەکاتەوە.

دەوڵەتی ئەردوغان لە دوای کودەتاکەی 15ی ژولای، لە ئۆپراسیۆنێکی بەربڵاودا دژی لایەنگرانی فەتحوڵڵا گوێلەن، دەیان هەزار کەس لە لەشکریان ، پۆلیس، دادوەران، مامۆستایانی زانکۆو فێرکاران و کارمەندانی دەوڵەتی ڕاپێچ کردووەو یان لە کار هەڵیپەساردوون و یاخود خستوونیەتە بەر پەیگەڕی یاسایی و دادەڤانی.

ڕادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکا هەروا لەو کێشانەی تورکیایەو بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردووک وڵات. سەرباری ئەمەش گوێلەن وێڕای ڕەت کردنەوەی بانگەشەکانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە دەست هەبوونی لە کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو، دەوڵەتی ئانکارا بە سەرکوت کردن و داپڵۆساندن و لەنێو بردنی دەنگە نەیارەکان تۆمەتبار دەکات.

 

سەرپەیڤ