نیسان 19, 2018 17:10 Asia/Tehran
  • سەرۆکی ھەدەپە: ھەڵبژاردنی ٢٤ی ژوەن ھەڵبژاردنی بەروەخت نییە، ھەڵبژاردنی تۆقاندنە

ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە وتەگەلێکدا وێڕای ئاماژە کردن بە ھەڵبژاردنی بەروەخت لە تورکیا پێی داگرت: ٢٤ی ژوەن ھەڵبژاردنی بەروەخت نییە، ھەڵبژاردنی تۆقاندنە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس ، سزایی تملی ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان وێڕای ئاماژە کردن بە ھەڵبژاردنی ٢٤ی ژووەنی ٢٠١٨ وەکوو ھەڵبژاردنی بەروەخت لە تورکیا پێی داگرت: ٢٤ی ژوەن ھەڵبژاردنی بەروەخت نییە، ھەڵبژاردنی تۆقاندنە، دەستەڵاتی سیاسی تووشی دۆش دامان و لێنەھاتووییەکی خەست ھاتووە.

ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە درێژەی قسەکانی دا جەختی کرد : پارتی دیموکراتیکی گەلان بۆ دەست ڕاگەییشتن بە دیموکراسی ، ھەڵگرتنی باری نائاسایی لە وڵات و دابین کردنی ئاسایشتی ھەڵبژاردن لەگەڵ پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی تورکیادا بە یەکگرتوویی دەجوڵێتەوەو بۆ مسۆگەر کردنی ئەم فەکتەرە بنەماییانەش لە ھەر ھەنگاوێک پشتیوانی دەکات.

ھەر لەم ئاراستەیەدا وتەبێژی پارتی دیموکراتیکی گەلانیش وێڕای ئاماژە کردن بە ھەگەری کاندید کرانی سەلاحەددین دەمیرتاش ، ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی لە لایەن ئەم پارتەوە، وتی: لە لایەن بیروڕای گشتییەوە وەھا چاوەڕوانییەک دەکرێت و پێداگریی لە سەر کراوە. ئێمەش وەکوو کۆمیتەی ناوەندیی پارتەکە ناتوانین ئەم چاوەڕوانییەی خەڵک بە ھەند نەگرین. بە ھەند نەگرتنی ئەم داخوازی و چاوەڕوانییە مەحاڵە، بەڵام دیارە قەت ھەڵس و کەوتێک ناکەین کە یاساوڕێساکانی پارتەکەمان و یان خواستی تاکەکەسیی دەمیرتاش پێشێل بکرێت. بە ڕەچاو کردنی ھەموو تێبینی و وردیاتێک و سەرنج دانی خشتەیەکی زەمەنیی گونجاو ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش دەبەین.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە سەلاحەددین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە نامەیەک دا کە لە زیندانی ( ئێف) ی ئێدێرنەوە بە ھۆی پارێزەرەکانی بڵاوی کردووەتەوە بەرامبەر بە پرسی کاندید کرانەکەی لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا کاردانەوەی پیشان دا.

سەلاحەددین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە نامەکەی دا وتوویەتی: بەرتەسکیی سیاسی ھەبێت و نەبێت، کاندیدى سەرۆک کۆماری ببم یان نەبم، من و پارتی دیموکراتی گەلان وتەی زۆرمان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری پێیە و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانیش پێوەندیی بە هەڵویستی ئێمەوە هەیە. ئاماژەى بەوەشکردووە، سەرەتا دۆخەکە لە نزیکەوە تاوتوێ دەکەین و پاشان لەبارەی کاندید بوونەوە بڕیار دەدەین.