نیسان 23, 2018 09:35 Asia/Tehran
  • ڕاگەیەندرانی پێڕستی پارتە مۆڵەت دراوەکان بۆ ململانێی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا

ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا شەوی دووشەممە دوایین پێڕستی لایەنە مۆڵەت دراوەکان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی و پەرلەمانی ٢٤ی ژوئەنی ٢٠١٨ی ئەم وڵاتەی بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا سەعدی گۆوێن سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: پارتی دادوگەشە، پارتی تورکیای سەربەخۆ، پارتی ھاوپشتیی گەورە،پارتی کۆماریخوازی گەل، پارتی دیموکرات،پارتی دیموکراتی گەلان، پارتی چاک، پارتی بزوتنەوەی نیشتیمانی، پارتی بەختیاری و پارتی نیشتیمان ئەو دە لایەنەن کە بۆیان ھەیە بەشداریی ھەڵبژاردنی بەروەختەی ئەم وڵاتە بکەن.

گەڵاڵەی پێشنیار کراوی بەڕێوە بردنی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی و پەرلەمان بە شێوەی بەروەخت لە تورکیا ئێوارەی ڕۆژی ھەینی لە ھۆڵی ئاشکرای پەرلەمانی ئەم وڵاتە پەسەند کرا.

٣٨٦ نوێنەر لە تێکڕای ٥٣٨ نوێنەرەکەی پەرلەمانی تورکیا ئەم گەڵاڵەیەیان ئەرێ کرد.

بەم پێیە بیست و شەشەمین خولی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیاو یەکەم خولی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئەم وڵاتە لە قەواخی سیستێمی سەرۆکایەتی لە بەرواری ٢٤ی ژووەنی ئەمساڵی زایینیی بەڕێوە دەچێت.

 

سەرپەیڤ