May 19, 2018 13:37 Asia/Tehran
  • سەرباری بڕیاری گرتنی نێودەوڵەتی، عومەر ئەلبەشیر گەیشتە تورکیا

سەرۆک کۆماری سودان سەرباری بڕیاری گرتنی نێودەوڵەتی کە لەدژی دەرکراوە، لەدانیشتنی سەرانی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لەبارەی قودس وفەلەستین لەتورکیا بەشدار بوو.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی ڕووسیا ئەلیەوم، عومەر حەسەن ئەلبەشیر سەرۆک کۆماری سودان سەرباری دەرکرانی بڕیاری گیرانی لەلایەن دادگەی سزای نێودەوڵەتی بەتۆمەتی ئەنجامدانی"کوشتاری بەکۆمەڵ وتاوانی جەنگی لە سودان" بۆ ئامادەبوون لەدانیشتنی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی سەبارەت بە قودس و فەلەستین کە ڕۆژی ڕابردوو لەئاستی سەرانی ئەو ڕێکخراوە لە ئەستەمووڵ بەڕێوەچوو، گەیشتە تورکیا.

ئەلبەشیری٧٤ساڵان سەرباری بڕیاری گیرانی توانیویەتی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەردانی ژمارێک وڵات بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی وئەفریقایی بکات.

ساڵی رابردووی زایینی سەرۆک کۆماری سودان لەدانیشتنێکی هاوچەشندا سەبارەت بە قودس لە تورکیا بەشدارببوو.

هەرلەوپەیوەندییەدا، فاتۆ بنسودا، دادئەستێنی گشتیی دادگەی سزای نێودەوڵەتی وشداری دا لەمەڕ ئەوەی کە بڕیاری گیرانی دەرکراو لەلایەن ئەو دادگایەوە لەبەرچاو ناگیردرێ.