May 19, 2018 16:59 Asia/Tehran
  • دەرکرانی فەرمانی لێکۆڵینەوەی دادەوانی بۆ سی سیاسەتوانی کوردی تورکیا

دادئەستێنی کۆماری تورکیا لە پارێزگای دیاربەکر لەسەر سی سیاسەتوانی کوردی تورکیا سەربەپارت و لایەنی جیاجیای سیاسی کورد، فەرمانی لێکۆڵینەوەی دادەوانی دەرکردووە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە رۆژنامەی ئەڤرنسەل، دادئەستێنی کۆماری تورکیا لە پارێزگای دیاربەکر لەدژ سی سیاسەتوانی کوردی تورکیا سەر بەپارت و لایەنە جیاجیا سیاسییەکان فەرمانی لێکۆڵینەوەی دادەوانی دەرکردووە و ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانە لە بەرواری١٣هەتا١٨ی مای بەسەردان بۆ دادئەستێنی کۆماریی تورکیا لەدیاربەکر وەڵامی پرسیارە باسکراوەکان لەبارەی دۆسییە کراوەکان بدەنەوە.

مستەفا ئوزچلیک سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان، مەسعود تەک، سەرۆکی پارتی سۆشیالیستی کوردستان، سێرتاچ بوجاک، سەرۆکی پارتی دیموکراتیکی کوردستان، سینان چیفت یورک، سەرۆکی پارتی ئازادی سۆشیالیست، ئایەتوڵڵا ئاشتی، وتەبێژی بزاڤی ئازادی و... لەنێو ئەو کەسانەدان.

بەپێی زانیارییە دەسخراوەکان، تۆمەتی پاڵدراو لەو سیاسەتوانانە بریتیە لە؛ "ڕێکخستن و چالاکی هاوپێوەند بە تەوەری ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق"، "بەشداربوون لە وتاردان و ڕێوڕەسمەکان بەتەوەری ریفراندۆمی کوردستانی عێراق"، "وتاردان لەدژ ئۆپراسیۆنی عەفرین" و "دانانی بابەتی جیاجیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان".