May 22, 2018 17:24 Asia/Tehran
  • ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی ئیسلامخوازی هودا-پاری تورکیا : هەڵوێستەکانی ئاک پارتی لەمەڕ بەیتولموقەدەس ڕاستبێژانە نیە

ودات تورگوتی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی ئیسلامخوازی هۆدا-پار لە لێدوانێکدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستەکانی ئاکپارتی لەمەڕ بەیتولموقەدەس ڕایگەیاندووە لێدوانەکانی ئاک پارتی سەبارەت بە بەیتولموقەدەس ڕاست بێژانە نیە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی زەرنیوز، ودات تورگوت، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی ئیسلامخوازی هۆدا-پار، لە لێدوانێکدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستەکانی ئاک پارتی لەبارەی بەیتولموقەدەس و گۆڕانکارییەکانی غەززە ڕایگەیاندووە: هەڵوێستەکانی ئاک پارتی لەبارەی بەیتولموقەدەس ڕاست بێژانە نییە. ئیدی قسەکردن هیچ بایەخێکی نییە. وتاردان خەڵک ڕازی ناکات.

ناوبراو لەدرێژەی لێدوانەکانی وتوویەتی: هەتا ئەمڕۆ، سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و گشت بەرپرسانی دەوڵەتی ڕەخنەی زۆریان گرتووە بەڵام ڕەفتارێک کە پارتی دەسەڵاتدار دەبێ بیکا ئەوە نییە.

ودات تورگوت وتی: دەسەڵات لەبارەی بەیتولموقەدەس دەبێ هەوڵی جیددی و پراکتیکی بدات. سەرۆک کۆماری تورکیا ئیسرائیل وەک دەوڵەتی تیرۆر دەناسێ، کەوابوو پێویستە ڕەفتاری ڕاستەقینە لەوبارەوە پێشان بدات. چونکە لەگەڵ دەوڵەتێکی تیرۆریستی ڕێککەوتننامە گرێ نادرێ.