حوزه‌یران 20, 2018 10:04 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی تورکیا بەرامبەر بە قەدەغەی  فرۆشرانی فرۆکەی جەنگی جۆری F-35  بە تورکیا لە لایەن سێنای ئەمریکاوە

بیناڵی یەڵدریم سەرۆک وەزیرانی تورکیا، وێڕای داخ و مەخابن دەریڕین لەو ھەنگاوەی سێنای ئەمریکا لەمەڕ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای قەدەغەی فرۆشرانی فرۆکەی جەنگی جۆری F-35 بە تورکیا، ئەو کارەی بە پێچەوانەی گیانی ئەو ڕێبازو ستراتژیا ھاوبەشە زانی کە لەگەڵ ئەمریکادا ھەیانە .

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران ( ئیسنا) بیناڵی یەڵدریم سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنی دا لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەمواری  قەدەغەی  فرۆشرانی فرۆکەی جەنگی جۆری F-35  بە تورکیا لە پرۆژەیاسای بوجەی ساڵانەی بەرەڤانیی ئەمریکا ڕایگەیاند:وڵاتەکەی چەندین جێگرەوەی دیکەی ھەیەو پرۆژە یاساکە وڵاتەکەی ناخاتە مەترسییەوە.

بیناڵی یەڵدریم سەرۆک وەزیرانی تورکیا وتیشی: ئانکارا گرێبەستی کڕینی سیستێمی موشەکیی ئێس چوارسەدی مۆسکۆ سەرباری بڕیارەکەی سێنای ئەمریکا لە بارەی پێشگرتن بە فرۆشرانی فرۆکەی جەنگی جۆری F-35  بە تورکیا وەلا نانێت.

ھەروەھا مەولوود چاوش ئوغلو وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیاش ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند: تورکیا سیستێمی موشەکیی ئێس چوارسەد لە ڕووسیا دەکڕێت.

ئەنجومەنی سێنای ئەمریکا شەوی سێ شەممە بەکۆی ٨٥ دەنگی بەڵێ و ١٠ دەنگی دژ پرۆژەیاساکەیەکی پەسەندکرد، کە ڕێگا لە دەست ڕ اگەییشتنی تورکیا بە فڕۆکە کڕدراوەکانی دەگرێت. پرۆژە یاساکە فرۆشتنی فرۆکەی جۆری F-35 ی ئەمریکی بە تورکیای مەرجدارکردووە بە ڕاگرتنی کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ لەڕووسیا.

ئەو کۆت و بەندانە لەدژی ئەنکەرە بەشێکە لە یاسایەکی گشتگیری بەرگریی نیشتیمانی ئەمەریکا  بۆ ساڵی ٢٠١٩ کە بڕی ٧٠٠ ملیار دۆلاری بۆ خەرجی سەربازی لەمیانی ساڵی داھاتوودا تەرخان کردووە.

تورکیا لەساڵی ٢٠١٦ دا ڕازی بووبەوەی کە سیستێمی مووشەکی ئێس٤٠٠ ی ڕوسی بکڕێت و بەرپرسانی ڕێکخراوی ناتۆ بەردەوام ھۆشدارییان داوەتە ئەنکارا، بەڵام ئەو وڵاتە نیگەرانیی ڕێکخراوەی ناتۆی پشتگوێ خستووە. 

سەرپەیڤ