حوزه‌یران 21, 2018 16:59 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی دەمیرتاش لە پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا

بەربژاری لەبەند کراوی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا وتی؛ پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا بۆتە هۆی تەشەنەی ئاڵۆزی و ناکۆکی لە ناوچەکەدا.

سەلاحەدین دەمیرتاش سەر بە پارتی دیموکراتیکی گەلان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی سپۆتنیک وتیشی: ئامانجی تورکیا لە پەلاماردانی سووریا دامەزراندنی ئاشتی و ئاسایش لەو وڵاتەدا نییە.

دەمیرتاش راشکاوانە رایگەیاند: دەوڵەتی تورکیا بە لەشکرکێشانی بۆ سووریا دەیهەوێ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان داگیر بکات و لە لایەکی دیکەیشەوە دەنگی نەتەوەخوازانی تورک لە هەڵبژاردنەکانی بەردەم بەرەو لای خۆی راکێشێ.

بەربژاری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا کە ٢٤ی ژوەن بەڕێوە دەچێ، بە پێداگری لە سەر پێویستیی ئەنجام درانی وتووێژ و دانوستان لە نێوان "بەشار ئەسەد"ی سەرۆک کۆماری سووریا و کوردەکانی ئەم وڵاتە جەختی کرد: ئەسەد خوازیاری دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتیکە و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیش دەبێ پشتیوانی بکەن لە ویست و خواستی گەلی سووریا بۆ چارەسەر کرانی کێشە و قەیرانەکانیان لە ڕێگای دانوستانەوە.

سوپای تورکیا  لە ٢٠ی ژانڤییەی ٢٠١٨ـەوە ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی "چڵەزەیتون" لە شاری عەفرین لە باکووری سووریا دەست پێ کرد کە بە پێی بانگەشەی کاربەدەستانی تورکیا ئەم پەلامارە تا ئیستا بۆتە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس. ئانکارا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی لە بەڕێوە بردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە پاکتاو کردنەوەی سنوورەکانی نیوان تورکیا و سووریا لە هەڕەشە و مەترسیی تیرۆریستانە.

تورکیا پێشتریش ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "قەڵغانی فورات" لە باکووری سووریا بەڕێوە بردبوو.

سەرپەیڤ