حوزه‌یران 23, 2018 13:53 Asia/Tehran
  • ماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی  ئەردوغان ١٨١ کاژێر - 
         
ماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی دەمیرتاش ٣٢ خولەک

ئەندامێکی ئەنجومەنی چاودێری کردنی میدیای تورکیا : نایەکسانییەکی زۆر هەیە لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە بڕیارە سبەینێ بەڕێوەبچێت.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە ئاژانسی هەواڵدەریی ئەسۆشیەیتد پرێسەوە،ئیلهان تاسجی کە ئەندامێکی ئۆپۆزسیۆنی ئەنجومەنی چاودێریکردنی میدیاکانی تورکیایە لە پەیوەندی لەگەڵ دەرفەت و ڕەخساندنی ھەلی بانگەشە بۆ پاڵێوراوانی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا ڕایگەیاندووە: نایەکسانییەکی زۆروبەرچاو بەدی دەکرێت لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پاڵێوراوانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە لایەن میدیای فەرمی ئەو وڵاتەوە کە بڕیارە سبەینێ یەکشەممە بەڕێوەبچێت.

ئیلهان تاسجی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا لە ئەنجامی ھەڵسەنگاندنێکی بەمجۆرە بڵاو کردووەتەوە جەختی کردووە :  بانگەشەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتەکەی ئەکەپە، بۆ ماوەی ١٨١ کاژێر لە کەناڵی تی ئاڕ تییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بانگەشەی موحەرەم ئینجە پاڵێوراوی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا (جەهەپە) کە بە گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن دێتە ئەژمار  بۆ ماوەی تەنیا ١٦ کاژێر لەهەمان کەناڵەوە بڵاوکراوەتەوە. ئەوەی وا ڕوون و ئاشکرایە ئەمەیە کە لە ئێستادا سەرجەم میدیاکانی تورکیا بە گشتی و تایبەتیشەوە لایەنگری ئەردۆغانن و بانگەشە بۆ خۆی و پارتەکەی دەکەن.

بەگوێرەی ھەڵسەنگاندنەکەی ئیلهان تاسجی و ئەو داتایانەی کە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردووەوە ھەتا ڕۆژی هەینی وەرگیراون، لەم ناوەدا کەمترین دەرفەتی بانگەشە کردنی ھەڵبژاردن بە سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوی  زیدانیکراوی پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە) و ھاوسەرۆکی پێشووی ئەم پارتە بووە کە تەنیا بۆ ماوەی ٣٢ خولەک لە کەناڵی تی ئاڕ تیی  کوردییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بانگەشەی پارتێکی بچوکی پشتیوانی  ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ھەر لەو کەناڵەوە  بۆ ماوەی زیاتر لە یەک کاژێر بڵاوکراوەتەوە. کەچی لەگەڵ ئەمەش دا کاربەدەستانی دەوڵەتی دادوگەشەی تورکیا بەردەوام پێداگرن لە سەر بەرتەسک کردنەوەی بانگەشەو دەرکەوتنی سەلاحەددین ئەمیرتاش لە میدیاکاندا.

بڕیارە سبەینێ هاوڵاتیانی تورکیا لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و ئەندامانی بیست و حەوتەمین  خولی پەرلەمان بچنە بەردەم  سندوقەکانی دەنگدان .