حوزه‌یران 24, 2018 03:23 Asia/Tehran
  • سەرۆکی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا :هەوڵ دەدەین پێش کاتژمێر دوانزەی شەو ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن ڕابگەیەنین

ساعدی گوان سەرۆکی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا ڕایگەیاند:ھەموو کارێکی پێویستیان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا تەواو کردووەو هەوڵ دەدەین پێش کاتژمێر دوانزەی شەو ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن ڕابگەیەنین .

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا لە بارەی ھەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆی وڵاتەکەیەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی کردووە ، ھەموو کارێکی پێویستیان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا تەواو کردووە، هەوڵ دەدەن پێش کاتژمێر ١٢ شەو ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن ڕابگەیەنن.

ناوبراو  پێی داگرتووە: ، پێویستە ئەمڕۆ خەڵک بە ھێمن برۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دەنگی خۆیان بدەن بە  نوێنەرەکانی خۆیان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانیش لەسەر سندوقەکانی دەنگدان ئامادەبن.

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا وتووشیەتی :  لەگەڵ ھاتنی ئەنجامەکان بۆ دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنەکان، راستەوخۆ بۆ پارتە سیاسییەکان دەنێرن و کارەکانی خۆیان وەک دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردن دەکەن نەک ھەژمارکردنی دەنگەکان.

ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە: هەوڵ دەدەین پێش ١٢ی شەو ئەنجامەکان ئاشکرا بکەین بە شێوەیەکی شەفاف، وەکو چۆن لە  ھەڵبژاردنی رابردوودا نزیکەی کاتژمێر ١١ی شەو ئەنجامەکانمان راگەیاند، ھیوادارین ئەم جارەش پێش کاتژمێر ١٢ شەو ئەنجامەکان رابگەیەنین".

سەبارەت بە دەنگی هاوڵاتیانی دەرەوە تورکیاش ، ئەوەی خستووەتەڕوو کە، ئەمڕۆ دوای کاتژمێر ٥ی سەر لە ئێوارە و دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان دەست بە ھەژمارکردنی ئەو دەنگانە دەکەن کە لە دەرەوەی وڵات ھاتوون و بۆ ئەمەش نزیکەی ٧ تا ٨ ھەزار کارمەند بەشدار دەبێت.

لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا شەش کاندید کێبڕکێ دەکەن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا و ١٠ لایەنیش کە دوو هاوپەیمانێتی تێدایە کێبڕکێ دەکەن لەسەر ٦٠٠ کورسی پەرلەمانی.

یه‌که‌مجاره‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی و په‌رله‌مانی پێکه‌وه‌ ده‌کرێت و یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنیشه‌ که‌ حزبه‌کان تیایدا هاوپه‌یمانی بکه‌ن و لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی ٦٠ ملیۆن هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە.

هەر لە هەڵبژاردنەکەی ئەمرۆدا  پێویسته‌ کاندیدی بەرەوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیدا ٥٠+١ی ده‌نگه‌کان به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌گه‌ر هیچکامیان نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ ئه‌و ڕێژه‌ یاساییه‌، ئه‌وا ئه‌و دوو کاندیده‌ی که‌ زۆرترین ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه‌ ده‌چنه‌ خولی دووھه‌می هه‌ڵبژاردنه‌کان و پرۆسه‌که‌ش له‌ ٨ی ته‌مموزدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

هەر لە هەڵبژاردنەکەی ئەمرۆ  دەبێت هه‌ر حزب و هاوپه‌یمانییه‌ک بەربەستی ١٠%ی بشکێنیت بۆ چوونە پەرلەمان، ئه‌گه‌ر حزبێک ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێنا دیارە ڕێی لە پەرلەمان ناکەوێت.

جێگای ئاماژەیە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆی تورکیادا سەلاحەدین دەمیرتاشیش یەکێکە لەکاندیدەکانی سەرۆکایەتی تورکیا کە کاندیدی هەدەپەیە و لەزیندانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات.

سەرپەیڤ