حوزه‌یران 24, 2018 14:41 Asia/Tehran
  • پاڵێوراوێکی سەرۆک کۆمارەتی لە زیندانەوە دەنگ دەدات

سەڵاحەدین دەمیرتاش، پاڵێوراوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە زیندانی ئیدرنەوە دەنگی دا .

سەڵاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاو ھاوسەرۆکی پێشووی ئەم پارتە کە لەبەر ھێندێک تۆمەتی ساغ نەکراوە ئێستاکە لە زینداندایە، ھەر لە بەندیخانەکەی لە  ئیدرنەوە بەشداریی ھەڵۆبژاردنی کردو دەنگی دا.

بەپێی ئەم ھەواڵە،سەڵاحەدین دەمیرتاش بەیانیی ئەمڕۆ لە زیندانی ئیدرنە ، واتە ھەر ئەو شوێنەی کە  لە رۆژی چواری تشرینی دووەمی ساڵی 2016 ەوە تێی دا خۆی وتەنی وەک بارمتەیەکی سیاسی ڕاگیردراوە، بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی کردو دەنگی دا.

هاوکات عەبدوڵا زەیدان، کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەپەدە) لە پارێزگای هەکاریش لە زیندانی ئیدرنە لەگەڵ دەمیرتاش دەنگی دا. دەمیرتاش لە تویتەری خۆی جەماوەری بەردەنگی خۆی ئاگادار کردەوەکە "ئێمەش لە زیندان دەنگی خۆماندا، هیوادارم هەموو کەس بۆ داهاتووی وڵات و دیموکراسی دەنگی خۆی بدات".

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیوادارم پڕۆسەی دەنگدانەکە بەشێوازێکی ئارام بەڕێوەبچێت، دڵنیام ئەنجامەکان دڵخۆشکەر دەبن، پیرۆز بێت لە هەموومان".

ھاوکات لەگەڵ پاڵێوراوی دڵخوازو ھاوسەرە لەبەند کراوەکەی، باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی زیندانیکراوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیاش دەنگی خۆی خستە نێو سندوقی دەنگدانەوە . باشاک دەمیرتاش بەیانی ئەمڕۆ چووەسەر سندوقەکانی دەنگدان و دوای دەنگدانەکە بەرەو زیندانی ئیدرنە بەڕێکەوت بۆ سەردانکردنی دەمیرتاش. ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان داوای لە هاوڵاتیان کرد بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی لە تورکیا.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە،موحەڕەم ئینجە، کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆک کۆماریی تورکیاش موحەڕەم ئینجە بەیانی ئەمڕۆ چووەسەر سندوقەکانی دەنگدان و دوای دەنگدانی لە پەیامێکدا بۆ شارومەندانی وڵاتەکەی رایگەیاند: پیرۆزبایی لە گەل و نیشتیمان دەکەم، ئێستا بەرەو ئەنقەرە بەڕێ دەکەوم بۆ بەردەم کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، سندوقەکان و رێنماییەکانی هەڵبژاردن ئەمانەتی ئێوەیە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنیش ئەمانەتی ئەوانە.

پاڵێوراوی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا لە توییتێکدا وێڕای وشداری دان بە شارومەندانی وڵاتەکەی بۆ لە سەر ھەست بوون و پاراستنی سندوقەکانی دەنگدان جەختی کردووە:بە بەختێکی باش بۆ هەموو لایەک، داهاتوومان بەدەست دەهێنینەوە.

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی لە تورکیا و بەڕێوەدەچێت و  56 ملیۆن و 342 هەزار و 263 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەروەها 180 هەزار و 896 سندووق لە بنکەکانی دەنگدان دانراون. زۆرێک لەچاودێرای سیاسی لەوباوەڕەدان کە ئەم ھەڵبژاردنانە لە یەکەم قۆناغ دا یەکلایی نابنەوە مەگەر بە ساختەکاری لە لایەن پارتی دەستەڵاتدارەوە، چونکو ئەگەربێتوو ی ھەڵبژاردنەکە بکەوێتە  قۆناغی دووھەم ئیدی دەرچوونی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری ئێستا کە تەنانەت یاسای وڵاتیشی لە پاوانی خۆی دا گۆڕیوە، گەلێک زەحمەت دەبێت.