ته‌مووز 15, 2018 22:04 Asia/Tehran
  • جەختی ئەردوغان لە سەر لەبیرنەچوونەوەی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ١٥ ژوئیەی ٢٠١٦

سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڕێ و ڕەسمی تایبەت بە کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ١٥ ژوئیەی ٢٠١٦ ی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند: ناھێڵین ئەم ڕۆژە لەبیر بچێتەوە .

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئاناتۆلی، ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕۆژی یەکشەممەو لە دووھەمین ساڵگەڕی  کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ١٥ ژوئیەی ٢٠١٦ ی ئەم وڵاتە لە ئانکارا پێی داگرت: بە ڕاپەڕێندرانی بڕیاری تازەی ئیداری ، ئیدی پێش بەو کەسانە دەگیردرێت کە بە نیازی دروست کردنی گرفتن لە سەر ڕێگای بڕیاردان و ڕاپەڕاندنی بڕیارەکان و بەڕێوەبەرایەتی کردنی تورکیا بە حەزی خۆیان.

ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، پۆلیسی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٨ دا نزیکەی ١٤٠٠ تیرۆریستیان لە ئۆپراسیۆنە نێوخۆیەکان و ھەروەھا لە ھێرشەکانی سەر باکووری عێراق لەنێو بردووە.

ئەردوغان وتیشی: ئامانجی تاقمی گوێلەن، پارتی کرێکارانی کوردستان و تاقمی تیرۆریستی داعش لەنێو بردنی یەکگرتن و ھاوپشتی و داھاتووی جەماوەری تورکیایە.

دوھەمین ساڵگەڕی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ١٥ ژوئیەی ٢٠١٦ ی تورکیا ئەمڕۆ لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوە برا.

لە کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ١٥ ژوئیەی ٢٠١٦ ی تورکیا ٢٤٩ کەس کوژران و دووھەزارو ١٩٣ کەسیش بریندار بوون.

دەوڵەتی ئانکارا دوای کودەتاکەی 15ی ژوئیەی ساڵی 2016، لە ئۆپراسیۆنێکی بەربڵاودا دژی لایەنگرانی فەتحوڵڵا گوێلەن، دەیان هەزار کەس لە لەشکریان ، پۆلیس، دادوەران، مامۆستایانی زانکۆو فێرکاران و کارمەندانی دەوڵەتی ڕاپێچ کردووەو یان لە کار هەڵیپەساردوون و یاخود خستوونیەتە بەر پەیگەڕی یاسایی و دادەڤانی.

نزیکەی حەوت هەزارو 655 کەس لە کارگێڕان و کارمەندانی سوپا، لەوانە 150 ژنراڵ و دەریاسالارو چوار هەزارو 287 ئەفسەر، لەکاتی کودەتاکەوە لە سەرکار لابراون.

ڕادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکا هەروا لەو کێشانەی تورکیایەو بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردووک وڵات. سەرباری ئەمەش گوێلەن وێڕای ڕەت کردنەوەی بانگەشەکانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە دەست هەبوونی لە کودەتاکەی ساڵی 2016، دەوڵەتی ئانکارا بە سەرکوت کردن و داپڵۆساندن و لەنێو بردنی دەنگە نەیارەکان تۆمەتبار دەکات.