تورکیا هاوردەی نەوت لە ئێران، درێژە پێ دەدات
سەرچاوەکانی نیزیک لە کۆمپانیای نەوتیی تۆپراش ی تورکیا ڕایانگەیاند ئەم کۆمپانییە دوای کشانەوەی یەک لایەنەی ئەمریکا لە کۆهەنگاوی ناڤۆکی و سەپێندرانی بایکۆتی واشینگتۆن بە دژی تارانیش ، کڕینی نەوتی خۆی لە ئێران درێژە پێ دەدات .
سەرچاوەیەکی نیزیک لە کۆمپانیای نەوتیی تۆپراسی تورکیا ڕۆژی هەینی بە رویتەرزی وت : ئەم کۆمپانییە بەنیاز نییە کڕینی نەوت لە ئێران تەنانەت دوای سەپێندرانی بایکۆتەکانی واشینگتۆن بە دژی تاران ، بپچڕێنێ.
کۆمپانیای نەوتیی تۆپراش لە چوارمانگی بەرایی ئەمساڵی زایینی بەشێوەی مام ناوەندی لە ڕۆژدا 187 هەزار و 196 بەرمیل نەوتی لە ئێران کڕیوە.
دەوڵەتی تورکیا کە لە ڕەخنەگرانی بایکۆتی ئەمریکا بە دژی ئێرانە ڕایگەیاندووە ئەنقەرە پێوەندی بازرگانی خۆی لەگەڵ تاران لەبەر وڵاتانی تر ناپچڕێنێ .
دەوڵەتی ئەمریکا هەشتەمی مەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی کشایەوە و دوای ئەوە ڕایگەیاند هەتا چوارەمی نوامبەری ساڵی 2018 هاوردەی نەوت لە ئێران دەگەیەنێتە سیفر.
واشینگتۆن پێداگری کردووە وڵاتانێک کە لەگەڵ ئێران هاوکاری دەکەن، بازاڕەکانی ئەمریکا لە دەست دەدەن و یان بەرەوڕووی جەریمەی قورس دەبنەوە.
زۆرێک لە وڵاانی جیهان بەڵام ڕایانگەیاندووە کە پەیڕەوی لە خواستی ئەمریکا ناکەن.
کشانەوەی دەوڵەتی ئەمریکا لە بەرجام لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە توندی ئیدانە کرا.