ئاب 15, 2018 18:40 Asia/Tehran
  • سووتاندنی دۆلار، کاردانەوەی تورکەکان بۆ بایکۆتەکانی ئەمریکا

شارومەندانی تورکیا لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە بایکۆتەکانی ئەم دواییەی واشێنگتۆن دژی ئانکارا، دۆلارو مۆبایلەکانی دروستکراوی ئەمریکایان سووتاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ئیرنا، کۆمەڵێک لە شارومەندانی تورکیا لە ھەنگاوێکی خۆڕسک دا دوابەدوای سەرھەڵدانی ناکۆکی لەگەڵ ئەمریکاو ھەڵکشانی نرخی دراڤی دەرەکی، دۆلارەکانی ئەمریکایان سووتاندو و گرتە ڤیدیۆییەکانیشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەنگاوەکانی دوژمنکارانەی ئەمریکا دژی ئانکارا دوێنێ سێ شەممە باسی دەست پێ بوونی یاساغ کردنی ھاوردەی کاڵا ئەلێکترۆنییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەی کرد.

ئەردوغان دوو ڕۆژ لەمەبەریش دوابەدوای دابەزینی توندی بایەخی دراڤی نیشتیمانیی وڵاتەکەی،» داوای لە جەماوەری تورکیا کرد کە دراڤە دەرەکییەکانیا بە لیر بگۆڕنەوە.

 پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئانکاراو کۆشکی سپی کە بەرلەمەش لە بەر ھێندێک ھۆکاری وەک پشتگریی سەربازیی  واشێنگتۆن لە شەڕڤانانی کوردی سووریاو نەخشەی ڕێگای منبەج، ڕادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن کە تورکیا بەگەڵاڵەداڕێژی سەرەکیی کودەتا ناسەرکەوتووەکەی ١٥ی ژوولای٢٠١٦ی تورکیای دەزانێ و ھەروەھا ھەڕەشەی بایکۆت کردن لە بەر کڕینی سیستێمگەلی موشەکیی ئێس چوارسەد لە ڕووسیا  ئاڵۆز ببوو، بەم دواییانەش لە بەر ئەو قەشە ئەمریکییەی کە لە تورکیادا دەست بە سەرە پتر لە جاران تێکچووە. لە دوا ھەنگاویش دا وەزارەتی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا عه‌بدولحه‌مید گوێل وه‌زیری داد و سوله‌یمان سۆیلۆ وه‌زیری ناوخۆی تورکیای لە بەر ڕەت کردنەوەی داخوازیی ئازاد کردنی قەشە ئاندرۆ برێنسۆنی ئەمریکی و دەست ھەبوونیان لە دەستبەسەر کرانی ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٦ دا بایکۆت کردو نرخنامەو باجی دووھێندەش بە سەر ھاوردەی فافۆن و پۆڵا لە تورکیاوە بۆ ئەمریکا سەپێندرا.