ئاب 19, 2018 19:13 Asia/Tehran
  • لابرانی کۆمەڵێک لە کەسانی نزیک لە ئەردوغان لە ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی دادوگەشە

کۆمەڵێک لە کەسانی نزیک لە ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەوانە بەرات بەیرەقی زاوای، بیناڵی یێڵدریم، سولەیمان سویلو و بەکر بوزداغ لە ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی دادوگەشە وەلا نران.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس شەشەمین کۆنگرەی پارتی دادوگەشەی تورکیا ڕۆژی ڕابردوو بە وتاردانی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئەم پارتە لە ئانکارا بەرپا کراو لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی دادوگەشە کەسانێکی گرینگی وەک بەرات بەیرەقی زاوای ڕەجەب تەیب ئەردوغان، بیناڵی یێڵدریم، سولەیمان سویلو و بەکر بوزداغ  لە ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی دادوگەشە وەلا نران.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، شەشەمین کۆنگرەی پارتی دادوگەشەی تورکیا  لە حاڵێکدا بەرپا کرا کە ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی دادوگەشە و تاکە پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی پارتەکە بە مسۆگەر کردنی ھەزارو سێسەدوھەشتا دەنگ لە تێکڕای ھەزارو چوارسەدو پەنجاوحەوت دەنگ جارێکی تر وەک سەرۆکی پارتی دادوگەشە ھەڵبژێردرا.

دوابەدوای ھەڵبژێردرانەوەی ڕەجەب تەیب ئەردوغان وەک سەرۆکی تازەی پارتی دادوگەشە، ھەوڵی ناساندنی ئەنجومەنی ناوەندیی تازەی پارتەکەش دەستی پێ کراو ئەنجومەنی ناوەندیی پەنجاکەسەی تازەی پارتی دادوگەشە کە ٢٩ کەسیان ئەندامانی تازەن، ناسێندران.

ئەنجومەنی ناوەندیی تازەی پارتی دادوگەشە کە ٤٢ کەسیان لە نوێنەرانی ئێستای ئەم پارتە لە پەرلەمانی تورکیان و ھەشت کەسیشیان لە دەرەوەی پەرلەمان ناسێندراون، ئەو پرسەی کە زیاتر لە ھەر شتێکی دیکە سەرنجی کۆڕوکۆمەڵە سیاسییەکانی تورکیای بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە، وەلانرانی کەسایەتییە ناودارەکانی پارتی دادوگەشە لە ئەنجومەنی ناوەندیی ئەم پارتەدایە.

کەسانێکی گرینگی وەک بەرات بەیرەقی زاوای ڕەجەب تەیب ئەردوغان، بیناڵی یێڵدریم،عەبدولحەمید گوێل، سولەیمان سویلو و بەکر بوزداغ، بورھان کۆزۆ، ئەفکان ئالا، ئەتۆم سانجاک، مەھمەت مەھدی ئەکر، موستەفا شەنتوپ، گە لە کۆنگرەی ساڵی ڕابردوو لە ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی دادوگەشە بەشدار بوون، ئەمساڵ لەم ئەنجومەنە وەلانراون.

ھەروەھا بە گوێرەی ھەڵبژاردنی تازە کە لە نێو پارتی دادوگەشەدا کراوە، عومەر چلیک لە باتی ماھرئوناڵ وەک وتەبێژی تازەی پارتی دادوگەشە دیاری کرا. جیا لەمە ، نوعمان کورتولموش وەکوو جێگری سەرۆکی پارتی دادوگەشە، حەیاتی یازیچی وەک یاریدەری سەرۆکی پارتەکە بۆ کاروباری مافەوانی و سیاسی، فاتح شاھین وەک سکرتێری گشتیی پارتی دادوگەشە، جەودەت یەڵماز وەک یاریدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوەیی پارتی دادوگەشە و فاتمە بولەند سایان کایان وەک یاریدەر بۆ کاروباری سیاسەتی کۆمەڵایەتی ھەڵبژێردراون.

ئەوەی وا لە ھەڵبژاردنی تازەی ئەنجومەنی ناوەندیی پارتی دادوگەشە  پتر لە ھەر شتێکی دیکە ھەستی پێ دەکرێت، بەردەوامیی ڕەوتی پاکتاوکرانی کورد لەنێو ئەم پارتەیە. پارتێک کە ھەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە کوردێکی زۆری لە نێو کادێرانی ناوەندی دا جێ کردبووەوە و ھەر لەم ڕێگایەشەوە توانی بووی سەرنجی کوردێکی زۆر بەرەولای خۆی ڕابکێشێت. بەڵام لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییەدا بە گۆڕینی سیاسەتەکانی دەستی کردووە بە پاکتاو کردنی ئەو کوردانەی کە لەنێو پارتەکەدا مابوونەوە.