ترەمپ: لام گرینگ نییە ململانێی ئێمە و ئەنقەرە کێشە بۆ ئابووری دیکەی وڵاتانیش دروست بکات
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا وتوویەتی لای گرینگ نییە کە سزای ئابووریی ئەمریکا دژ بە تورکیا و ئەو ململانێیەی کەوتۆتە نێوان ئەنقەرە و واشەنتۆن کێشە بۆ کەرتی ئابووریی جیهان دروست دەکات یان خەیر.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە هیوای بە پێوەندیی نێوان تورکیا و ئەمریکا نییە و دەشڵێت ئەوەی تورکیا دەیکات کارێکی زۆر خراپە و ئەنقەرە هەڵەیێکی زۆر خراپی کردووە و ئەمریکا ئیمتیازی ناداتێ.
مەبەستی ترەمپ ئەو داواکارییەی تورکیایە کە لەبەرانبەر ئازادکردنی قەشە ئەمریکییەکەی داوای کردبوو. تورکیا وتبووی ئەمریکا ئەو تۆمەتانە نادیدە بگرێت کە خراوەتە پاڵ هالک بانک و مودیرعامی ئەو بانکە کە بە ڕای ئەمریکا بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆکان یارمەتیی ئێرانیان داوە.
دوو ڕۆژنامەی ئەمریکی ئیدعای ئەوەیان کردووە کە تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە مامەڵە بکەن و لە بەرانبەر ئەو داوایەی ئەنقەرە، تورکیاش ئامادەیە قەشە برانسۆن ئازاد بکات بەڵام ئەمریکا داواکەی ڕەت کردۆتەوە و توویەتی هیچ ئیمتیازێک بۆ ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ نادات.
ئەمریکا ڕسووماتی هاوردەکردنی ئەلۆمنیۆم و ئاسنی تورکیی بۆ نێو ئەمریکا بەرز کردۆتەوە و لەو بارەیەوە پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا ئەوە خەسار لە ئابووری ئەمریکا نادات؟ ترەمپ لە وەڵامدا ڕایگەیاند کە نیگەرانی ئەو بابەتە نییە و کارێکی بەجێی کردووە.
ئەمریکا نەیشاردوە کە یارمەتیی تورکیای داوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی تورکیا لە ئیسرائیل ئازاد بکرێن و گوتیشی چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە تورکیا ئەوەی بۆ قەرەبوو بکاتەوە بەڵام نەیکرد.
ترەمپ زیادی کرد: چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد کە سەرکۆمار ئەردۆغان قەرەبوومان بکاتەوە و قەشە برانسۆن ئازاد بکات بەڵام ئەو کارەی نەکرد و هەڵەشی کرد دەبوو بکردایە.
سەرکۆماری ئەمریکا زیادیشی کرد: من هاووڵاتییانی تورکیام لا خۆشەویستە و هەمووان دەزانن تا ئەم کاتەش من پێوەندیی باشم لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان بووە بەڵام ئەوە تەنها پێوەندییێکی تاک لایەنە بوو بەڵام چیتر وانابێت و ئەمریکا پێوەندیی تاکلایەنەی لەگەڵ هیچ وڵاتێک نابێت.
دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکاش ڕایگەیاند ئەگەر سەرکۆمار ڕۆحانی حەزی کرد ئەوا گفتوگۆ دەبێت ئەگینا لای من هیچ گرینگ نییە.