ئه‌یلوول 17, 2018 10:22 Asia/Tehran
  • پێداگریی کرێکارانی فڕۆکەخانەی نوێی ئەستەموڵ لە سەر درێژە دان بە ناڕەزایەتی دەربڕینیان

کرێکارانی فڕۆکەخانەی نوێی ئەستەموڵی تورکیا جەختیان کردووە هەتا ئەو کاتەی داخوازەکانیان دابین نەکرێ درێژە دەدەن بە ناڕەزایەتی دەربڕینیان.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز؛ سەندیکای کرێکارانی تورکیا  بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند هەتا ئەو کاتەی کە باروودۆخی کاروباریان باشتر نەبێ و کرێکارانی گیراو لە لایەن پۆلیسەوە ئازاد نەکرێن، درێژە دەدەن بە ناڕەزایەتی دەربڕینیان.

لە بەیاننامەی سەندیکا کرێکارییەکانی تورکیادا هاتووە؛ کرێکاران لەو فڕۆکەخانەیە لە مێژە ناڕازین لە کەم بوونی مووچە، نەباش بوونی خۆراک، نالەبار بوونی شوێنی نیشتەجێ بوونیان و نزم بوونی ئاستی پێورە ئاسایشییەکان .

ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینانە رۆژی هەینی پاش بریندار بوونی ١٧ کرێکار لە ڕووداوێکی هاتووچۆی پاسێکدا دەست پێ بوو و پۆلیس بە ئۆتۆمبیلی دژەئاژاوە دەستی کردە گرتنی  ٥٠٠ کەس و ناڕازییانی دیکەی بڵاوە پێ کرد.

"ئوزگور کارابولوت" سەرۆکی سەندیکای "دەو یاپی- ئیس"  Dev Yapi-Is وتی: تا ئێستا ١٦٠ کەس لە ناڕازییانی گیراو ئازاد کراون و  ئەوانی دیکەیش هەر لە بەندیخانە راگیردراون.

فڕۆکەخانەی نوێی ئەستەموڵ بڕیارە دواڕۆژانی مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو بکرێتەوە.