تشرینی یه‌که‌م 16, 2018 18:41 Asia/Tehran
  • داواکاریی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ هەڵوەشانی پارێزبەندیی بەرپرسانی عەرەبستانی هاوپێوەند بە باسی خاشقچی

کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان، خوازیاری هەڵوەشانی مافی پارێزراویی دیپلۆماتیکی بەرپرسانی سەعوودی بوو کە ئەگەری ئەوە لەئارادایە لە بێ سەروشوێن بوونی "جەمال خاشقچی" رۆژنامەوانی عەرەبستانی لەتورکیا دەستیان بووبێ.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فەڕانسە، "میشل باچلێت" کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان ئەمڕۆ سێ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی جیددی بوونی پرسی بێ سەروشوێن بوونی جەمال خاشقچی، قەدەغەی پێوشوێن گرتن و پارێزبەندیی شوێنەکان و فەرمانبەرانیان کە لە پەیمانگەلی وەک کۆنوانسیۆنی ڤیەن ساڵی١٩٦٣ سەبارەت بە پەیوەندییە کۆنسولییەکان هاتووە، دەبێ هەڵوەشێندرێ.

باچلێت هەروەها داوای لە عەرەبستانی سەعودی وتورکیا کرد هەموو زانیارییەکانی هاوپێوەند بە بێ سەروشوێن بوون و کوژرانی شیمانەیی جەمال خاشقچی بڵاو بکەنەوە.

جەمال خاشقچی کە لەگەڵ رۆژنامەی واشنگتۆن پۆستدا لەهاوکاریدا بوو، دووی ئۆکتۆبر بۆ ئەنجامدانی بڕێک کاری ئیداری سەردانی کۆنسولخانەی عەرەبستانی کرد لە ئەستەمووڵ و لەو کاتەوە، لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەدەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرە سەرەتاییەکانی پۆلیسی تورکیا، خاشقچی لەناو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە تورکیا کوژراوە.

سەرپەیڤ