تشرینی یه‌که‌م 26, 2018 11:17 Asia/Tehran
  • پێداگریی ئەردوغان لە سەر بەدیهێنانی چاکسازی خێرا لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا

سەرۆک کۆماری تورکیا خوازیاری هاتنەدیی چاکسازیی خێرا لە دارشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایش بوو.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتوول؛ "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی حەفتا و سێهەمین ساڵڕۆژی پێکهاتنی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند؛ بەدیهێنانی چاکسازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوەیەک کە ٧٣ ساڵ لەمەوبەر بنچینەی دانراوە، بەتایبەت لە ئەنجومەنی ئاسایشدا کە بەرپرسی گەرەنتی کردنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانییە، تەواو پێویستە و نابێ بە هیچ لەونێ دوابخرێت.

لە بەیاننامەکەی سەرۆک کۆماری تورکیادا هاتووە؛ کۆمەڵکوژی لە ڕوواندا، بۆسنی و هێرزێۆگۆڤین و کۆزۆڤۆ و درێژە پێدرانی کردەوە تیرۆریستییەکان لە وڵاتانی ناوچە ئەوە دەسەلمێنێ کە  ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانیوە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی خۆی بەجێ بێنێ و لە جێبەجێ کردنیاندا ناکام بووە کەوایە دەبێ چاکسازی تێدا بکرێ.

ئەردوغان جارێکی دیکە بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە جیهان گەورەتر لە پێنج ئەندامە، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: هەتا ئەو کاتەی کە نادادوەرییەکانی ئێستا لە ئەنجومەنی ئاسایش چارەسەر نەکرێن، لە جیهاندا ئاشتی دانامەزرێ و نەتەوە یەکگرتووەکان نابێتە ناوەندێکی خاوەن سیستەمێکی دادوەرانەتر، دیموکراتیکتر، ڕوونتر و کاریگەرتر کە بەرامبەر بە هەموو جیهان هەست بە بەرپرسایەتی بکات.

جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ٢٤ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٤٥ی زایینی جێبەجێ کرا و ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێ وەکوو ڕۆژی " نەتەوە یەکگرتووەکان" ڕێزی لێ دەگیردرێ.

سەرپەیڤ