تشرینی دووه‌م 13, 2018 15:54 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان: بڕیاری ئەمەریکا بۆ دەستگیرکردنی سێ سەرکردەی پەکەکە گەمەیە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، بڕیاری ئەمەریکا بۆ دەستگیرکردنی سێ سەرکردەی پەکەکە بە "گەمەیەک"ی دەزانن، دەشڵێت، "تەنها قەندیل نییە و بابەتی مەخمووریش لە ئارادایە، مەخموور هێلانەی پەکەکەیە، ئێستا 12 بۆ 13 هەزار کەسی تیادایە".

بە پێی راپۆرتی میدیاکانی هەرێم ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی گەڕانەوەیدا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی داوەتەوە و لەبارەی پەکەکەوە رایگەیاندووە، "تەنها قەندیل نییە و بابەتی مەخمووریش لە ئارادایە. مەخموور هێلانەی پەکەکەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستا مەخموور 12 بۆ 13 هەزار کەسی تێدایە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئیدی لەم کارە بێزار بووە، دەیەوێت ئەوێ تێکبدات. دوای تێکدانی چی دەبێت، پێویست دەبێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ئەمریکا و حکوومەتی هەرێمی باکووری عێراق کارێک لەبارەی بوونی پەکەکەوە بکەین لە عێراق".

ئەردۆغان لەبارەی دانانی خەڵات لەسەر سێ سەرکردەی پەکەکە لە لایەن ئەمریکاوە وتی، "دانانی خەڵاتی پارە لەسەر سێ سەرکردەی پەکەکە لە لایەن ئەمریکاوە، هەنگاوێکی دواکەوتووە، ناکرێت لێی دڵنیابین. ئێمە ئەمە بە گەمەیەک دەزانین بۆ شەرعیەتدان بەوەی گوایە پەکەکە و پەیەدە دوو پێکهاتەی جیاوازن، بەم گەمەیە هەڵناخەڵەتێین".

رونیشیکردەوە، "روونکردنەوەکانی یەپەگەش ئەمریکا بەدرۆدەخاتەوە. لە راستیدا روونکردنەوەکەی یەپەگە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە پەکەکە جیا نین".

6ی ئەم مانگە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، خەڵات دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە شوێنەی چەند سەرکردەیەکی پەکەکەی بۆ ئاشکرادەکەن کە پێکهاتوون لە موراد قەرەیلان، جەمیل بایک، دوران کاڵکان.

لە بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە، بڕی 5 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت بۆ ئاشکراکردنی شوێنی موراد قەرەیلان و 4 ملیۆن دۆلار بۆ ئاشکراکردنی شوێنی جەمیل بایک و سێ ملیۆن دۆلاری بۆ ئاشکراکردنی شوێنی دوران کاڵکان تەرخانکردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، "لە ساڵی 1997ەوە واشنتۆن پەکەکەی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە، لە ساڵی 2011ەشدا ئیدارەی ئەمەریکا پەکەکەی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی ناساندووە".