تشرینی دووه‌م 16, 2018 21:35 Asia/Tehran
  • پیلانی ئەمریکا بۆ ڕادەست کردنەوە ڕابەری بزوتنەوەی خزمەت بە دەوڵەتی ئانکارا

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نیازی ڕادەست کردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن ڕابەری بزوتنەوەی خزمەت بە دەوڵەتی ئانکارایە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ئاژانسی هەواڵیی ئێن بی سی،ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک پاداشتێک لە بەرامبەر ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی تورکیاو عەرەبستان بە نیازی ڕادەست کردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن ڕابەری بزوتنەوەی خزمەت بە دەوڵەتی ئانکارایە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵیی ئێن بی سی، ئامانجی ڕادەست کرانەوەی  ڕابەری بزوتنەوەی خزمەت بە دەوڵەتی ئانکارا، دوابەدوای ئەو ھەوڵانە دێت کە ئەمریکا وەک ناوبژیکاری نێوان دوو دەوڵەتی تورکیاو عەرەبستانی سەعودی بەکاری دێنێ لە ئاراستەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردووک وڵاتەکە کە لەم دواییەدا لە سەر کێشەی کوژرانی جەماڵ خاشقچی نووسەرو ڕەخنەگری نەیاری ئالی سەعود، ئاڵۆزیی تێ کەوتبوو.

 ھەرلەم پەیوەندییەدا دوو بەرپرسی کۆشکی سپیی ئەمەریکاش کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت رایانگەیاندووە، لە ئێستادا کۆشکی سپی بەدوای پاساوێکی یاساییدا دەگەڕێت بۆ گەڕاندنەوەی فەتحوڵا گوێلەن بۆ تورکیا ڕادەست کردنەوەی بە دەوڵەتی ڕەجەب تەیب ئەردوغان.

دەوڵەتی ئانکارا دوای کودەتاکەی 15ی ژولای، لە ئۆپراسیۆنێکی بەربڵاودا دژی لایەنگرانی فەتحوڵڵا گوێلەن، دەیان هەزار کەس لە لەشکریان ، پۆلیس، دادوەران، مامۆستایانی زانکۆو فێرکاران و کارمەندانی دەوڵەتی ڕاپێچ کردووەو یان لە کار هەڵیپەساردوون و یاخود خستوونیەتە بەر پەیگەڕی یاسایی و دادەڤانی.

ڕادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکا هەتا ئێستاش لەو کێشانەی تورکیایەو بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردووک وڵات. سەرباری ئەمەش گوێلەن وێڕای ڕەت کردنەوەی بانگەشەکانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە دەست هەبوونی لە کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو، دەوڵەتی ئانکارا بە سەرکوت کردن و داپڵۆساندن و لەنێو بردنی دەنگە نەیارەکان تۆمەتبار دەکات.

دەوڵەتی ئەمریکا لەم دواییەش دا بۆ بەدەست ھێنانی متمانەی تورکیا خەڵاتی بۆ ئاشکرا کردنی شوێنی حەشارگەی سێ سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیاش دیاری کردووە کە ئەم ھەنگاوە لە لایەن کاربەدەستانی تورکیا وەک کردەوەیەکی گاڵتەجاڕانە لە قەڵەم دەدرێت.