تشرینی دووه‌م 20, 2018 17:46 Asia/Tehran
  • گیرانی بەدەیان چەکداری دیکە لە تورکیا بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ تاقمی گولەن

دادگەری ئەنقەرە بڕیاری گیرانی بەدەیان چەکداری دیکەی لە تورکیا بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ تاقمی گولەن دەرکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی تەلەفزیونی تی ئارتی تورکیا، دادئەستێنی تایبەتی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزمی ئەنقەرە حوکمی گیرانی 92 کەس لە ئەفسەران و پلەبەرزانی فەرماندەیی گشتیی  ژەندەرمە و هێزی  دەریایی تورکیای بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ تاقمی گوێلەن و دەست تێدابوون لە کودەتای سەربازی بێ ئەنجامی  پازدەی ژووئیەی  دووهەزارو شازدە، دەرکرد.

بەپێی دوایین راپۆرتەکان،  لە ئۆپراسیۆنێک کە بۆ گرتنی ئەم کەسانە دەست پێکراوە، دەیان کەس گیراون.

سوپای تورکیاش ڕۆژی  هەینی ڕابردوو لە ئۆپراسیۆنێک دا لە پارێزگەی دیاربەکر 44 سەربازی ئەم وڵاتەی بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ تاقمی گوێلەن گرت.

دوای کودەتای سەربازی بێ ئەنجامی  پازدەی ژوئیەی 2016،  دەیان  هەزار کەس بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ تاقمی گوێلەن لە تورکیا گیراون و نیزیکەی  120 هەزار کەس لە پۆستەکانی دەوڵەتی لەم وڵاتە وەدەرنراون.

دەوڵەتی ئەنقەرە لەسەر ئەو باوەڕەیە  فەتحوڵڵا  گوێلەن و لایەنگرانی بە پێکهێنانی تاقمێک و بە ڕەخنە گرتن لە پێکهاتەکانی دادەڤانی، سەربازی، پەروەردە و بەشەکانی دیکەی دەوڵەتی، کودەتای بێ ئەنجامی پازدەی ژووئیەی دووهەزارو شازدەی ڕێکخستووە  بەڵام گوێلەن ئەم تۆمەتانەی بە جاران ڕەت کردوەتەوە.