کانونی یه‌که‌م 17, 2018 08:53 Asia/Tehran
  • چاووش ئۆغڵوو: حکومەتی ئەمریکا لەهەوڵدایە فەتحوڵڵا گولەن ڕادەستی تورکیا بکاتەوە

"مەولود چاووش ئۆغڵوو" وەزیری دەرەوەی تورکیا دوێنێ یەکشەممە وتی: "دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە "رەجەب تەییب ئەردۆغان"ی هاوشانی تورکی وتووە، حکومەتی ئەمریکا خەریکە لەسەر ڕادەست کردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن بە تورکیا کار دەکا.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ڕۆیتەرز؛ "چاووش ئۆغڵوو" بەئاماژە بە دانیشتنی گرووپی بیست لە ئەرژەنتین کە دوو حەوتە لەوەپێش بەڕێوە چوو، وتی: ترامپ لەو دانیشتنەدا بە ئەردۆغانی وتووە خەریکە لەسەر ڕادەست کرانەوەی گولەن و کەسانی دیکەی سەربە ناوبراو، کار دەکا.

ناوبراو وتیشی: لەم دواییەدا لێکۆڵینەوەیەکی گرینگی ئێف بی ئای لەبارەی شێوازەکانی خۆدزینەوەی ڕێکخراوی گولەن لە باجی، چاو پێکەوتووە.

لەهەمان کاتدا، "بیل پاسکرێل" نوێنەری پارتی دیموکرات لە کۆنگرەی ئەمریکا لە کاردانەوە بە ڕاپۆری هەوڵی حکومەتی ئەمریکا بۆ ڕادەست کرانەوەی گولەن وتی: گولەن نابێ بکرێتە بارمتەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ شاردنەوەی دۆسییەی کوژرانی جەمال خاشوقچی بەقازانجی ماڵباتی پاشایەتی سەعوودیا کە تادێ زیاتر یاسا دەبەزێنن.

فەتحوڵڵا گولەن تۆمەتبارە بە ڕێکخستنی کودەتا بێ ئەنجامەکەی ساڵی٢٠١٦ ی تورکیا.