کانونی یه‌که‌م 18, 2018 14:16 Asia/Tehran
  • تورکیا جارێکی تر ھەڕەشەی بەردەوام کردنی پەلاماری سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەکات

وەزیری بەرگریی تورکیا : ناھێڵین شنگال ببێتە قەندیلێکی نوێ و ھێرشەکانمان دژی ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستانی عێراق بەردەوام دەکەین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی تورکیاوە، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کە بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لێیە  بەردەوام دەبێت و ناھێڵن شنگال ببێتە قەندیلێکی نوێ ، بەڵام سەرباری ئەوەش ھەوڵ دەدەین لەو ھێرشانەدا خەڵکی سڤیلی ناوچەکە بەر نەکەون.

بانگەشەی پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل لە لایەن وەزیری بەرگریی تورکیا لە ھەل و مەرجێکدایە کە لە ئەنجامی  هێرشەکانی ئەم دواییەی فڕۆکەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری عێراق ھەتا ئێستا چوار ژن گیانیان لەدەست داوە کە سیانیان ئەندامی یەک خێزانن.

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەی سەبارەت بە بوودجەی وەزارەتی بەرگریی رایگەیاند، چالاکییەکانیان لە منبجی سووریاش، بە ئاراستەی ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی لەسەر ئاستی جۆراوجۆر لەگەڵ ئەمریکادا ئەنجامیان داوە و لە چوارچێوەی نەخشەڕێگای منبەج و پرەنسیپە ئەمنییەکان، بەردەوام دەکەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئامانجیان چۆڵکردنی تەواوەتیی منبەجە لە لایەن یەپەگەو، کۆکردنەوەی چەکە قورسەکان و پاککردنەوەی ناوچەکە لە گروپە توندئاژۆکان، دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکە، رادەستکردنی ئیدارەی شارەکە بە منبجییەکان و لە کۆتاییشدا گەڕانەوەی ئەرخەیانی سوورییەکان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیانە.

وەزیری بەرگریی تورکیا راشیگەیاند، "سەرەڕای بەڵێنەکانی ئەمەریکا لەمەڕ چۆڵ کرانی منبەج لە لایەن هێزەکانی هەسەدە و یەپەگەوە،کەچی لە ئێستادا ئەو هێزانە لە شارەکەدا خەندەقیان هەڵکەندووە و سەکۆیان دامەزراندووە بۆ بەرگری کردن و ئێمەش لە نزیکەوە چاودێریی بابەتەکە دەکەین".

خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراقیش بە بیانووی بوونی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وتی: چاوەڕوانییمان لە حکوومەتی عێراق ئەوەیە کە هاریکاریمان لەگەڵ بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە بوونی  پەکەکە بهێنرێت لەسەر خاکی ئەو وڵاتە".  ناوبراو بانگەشەی کرد کە: ئێمە رێز لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی عێراق، سووریا و سەرجەم دراوسێیەکانمان دەگرین، بەڵام لە پێناو ئاسایشی وڵات و گەلەکەماندا، تا ئەو کاتەی پەکەکە لەو شوێنانەی بوونیان هەیە بە تەواوەتی پاک نەکرێنەوە، ئۆپەراسیۆنەکانمان درێژەیان دەبێت".

وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر شەنگال و قەرەچووغ لە 13ی ئەم مانگەش دا پێی داگرت: ئەو بنکانە لەلایەن پەکەکەوە بەکاردەهێندرێن، سەرباری ئەوەش ئێمە  وەک هەموو جارێک لە ھێرشەکانماندا، ئاگامان لەوەیە کە خەڵکی سڤیلی ناوچەکە پێوە نەبن و زیانیان وێ نەکەوێت، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەمەیە کە ئێمە هەرگیز رێگە نادەین کە شنگال ببێتە قەندیلێکی نوێ و مەترسی بۆ ئاسایشتی تورکیا دروست بکات.

ڕەوتی ئاشتیی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تورکیا لە دیسامبەری ساڵی ٢٠١٥ دەستی پێ کراو دوابەدوای تەقینەوەکەی پریسوس پەکی کەوت و دوای ئەوە سوپاو هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا پەلاماری سەر بنکەو مەتەرێزەکانی یەکتریان دەست پێ کردەوە.  لەو کاتەوە ھەتا ئێستا لەشکریانی تورکیا بێ دەربەست سنووری ھەردووک وڵاتی دراوسێ واتە سووریاو عێراق دەبەزێنن و بە شێوەی مام ناوەندی لە ڕێگای زەوی و ئاسمانەوە ھەموو ڕۆژێک بەشێک لە خاکی ئەم دوو وڵاتە دەدەنە بەر ھێرش و پەلامار