کانونی یه‌که‌م 18, 2018 16:40 Asia/Tehran
  • وەزیری بەرگریی تورکیا: ڕێگە نادەین لە شنگال قەندیلێکی نوێ دروست بکرێ

"خلوسی ئاکار" وەزیری بەرگریی تورکیا بەپێداگری لەسەر درێژەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لەباکوری عێراق ڕایگەیاندووە: ئێمە بەهیچ لەونێک ڕێگە نادەین لە شنگال، قەندیلێکی نوێ دامەزرێ.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە رۆژنامەی هابەرتورک؛ خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا بەئاماژە بە ئۆپراسیۆنی چلە زەیتون لە عەفرینیش ئیدیعای کردووە، بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتون زیاتر لە چوار هەزار و٥٠٠ترۆریستی سەربە داعش و یەپەگەمان کوشت. لە ئۆپراسیۆنەکانی قەڵغانی فوڕات و چڵە زەیتون تەنیا چەکدارانی سەربەو گرووپانە، پێگەکان، چەکەمەنی، ئۆتۆمبیل و بیناکانی سەربەوان پێکاوەو هەرگیز زیان نەگەیشتووە بە کەسانی سیڤیل، مرۆڤە بێتاوانەکان، بینا مێژووی و مەزهەبییەکان، پاشماوەی ئارکۆلۆژی و شوێنە کەوناراییەکان. ئەو هەستیارییەی تورکیا لەحاند ئەو پرسانە لەخۆی پێشانی داوە، هیچ وڵاتێک تائێستا هەستیاریی لەو چەشنەی لەبەرچاو نەگرتبوو.

خلوسی ئاکار هەروەها وتوویەتی: لە منبەجیش نەخشەڕێگا بەهاوکاری ئەمریکا دەبەینە پێش، ئامانجمان لێرەدا پاکتاوکردنی ئەو ناوچە لە بوونی هێزەکانی پەکەکەو یەپەگە، کۆکردنەوەی چەکی قورس، پاکتاوکردنی ئەو گرووپ ولایەنانەی هەوڵی سەربازی و دوژمنکارانەیان گرتووەتەپێش و هەروەها مەبەستیشمان دابین کردنی ئاسایش و سەقامی ناوچەیە.

وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی پرسی باکوری عێراقیش وتی: چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراق ئەوەیە لە کۆتایی هێنان بە بوونی گرووپە ترۆریستییەکان لەخاکی عێراقدا، هاوکارمان بێ. بەپێداگریی فراوان ڕایدەگەیێنم کە ئێمە ڕێز دەگرین لە یەکپارچەیی خاک و یەکڕیزیی سیاسی سوریا، عێراق و هەموو وڵاتانی دراوسێ بەڵام بۆ چەسپاندنی ئاسایشی گەل و وڵاتەکەمان هەتا پاکتاوکرانی بەتەواوەتی ناوچەکە لە پەکەکە درێژە دەدەین بە ئۆپراسیۆنەکان لەو ناوچانەی ئەوانی تێدا ئامادەیە. ئێمە قەت ڕێگە نادەین لە شنگال قەندیلێکی تازە دروست ببێ.

قسەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا لەکاتێکدایە کە لەجەنگەی هێرش بۆسەر عەفرین و پاشان داگیرکرانی ئەو شارە، ڕاپۆری جۆراوجۆر لەمەڕ کوژرانی کەسانی سیڤیل بەدەست هێزەکانی تورکیا یان هێزەکانی جێی داکۆکیی ئەو وڵاتە، بڵاوبۆتەوە.

پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا و باکوری عێراق وەک پێشێلکرانی سەروەریی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ناڕەزایەتی بەردەدوامی بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتەو ژمارێک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ژمارێک پارت ولایەنی کوردستانی عێراق بەرەوڕوو بووە.