کانونی یه‌که‌م 18, 2018 18:30 Asia/Tehran
  • مانگرتن لەخواردنی ١٨ چالاکوانی سیاسی-مەدەنیی کورد لە فەڕانسە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە لەبەندکرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان

هەژدە چالاکوانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە شاری ستراسبورگی فەڕانسە بۆ ئیدانەکردنی لەبەندکرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیان کرد بە مانگرتن لە خواردن.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس ؛ پاش پەرەی شەپۆلی مانگرتن لەخواردنی نارەزامەندانە بە ڕەوشی لەبەندکرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری لەبەندکراوی پەکەکە کە بەمانگرتنی "لەیلا گووەن" نوێنەری زیندانیکراوی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە پەرلەمانی تورکیا دەس پێ ببوو، بەگوێرەی زانیاییە دەسخراوەکان هەژدە چالاکوانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە شاری ستراسبورگی فەڕانسە بۆ شەرمەزارکردنی لەبەندکرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیان کرد بەمانگ گرتن لەخواردن.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن مانگرانی ستراسبورگ دەرکراوە، هاتووە؛ ئێمە وەک گرووپی دەسپێشخەری ئازادی بۆ ئۆجەلان بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە لەبەندکرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕادەگەیێنین لە ١٧ی دیسەمبەری٢٠١٨ـەوە دەست دەکەین بە مانگرتن لەخواردنی بێ سنور. ئێمە بە ئەنجومەنی ئوروپا، پەرلەمانی ئوروپا و کۆمیتەی قەدەغەکرانی ئەشکەنجەی یەکێتی ئوروپا دەڵێین لە دوورگەی ئیمرالی سیاسەتێکی نامرۆیانە پەیڕەو دەکرێ. ئێمە هەتا هاتنەدی داواکارییەکانمان درێژە دەدەین بە مانگرتنەکەمان.

مستەفا ساری کایا لە سیاسەتوانانی بەناوبانگی کوردی تورکیا، دیلک ئۆجەلان خوارزای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و نوێنەری پێشووی شاری ئورفا لە پەرلەمانی تورکیا سەر بەپارتی دیموکراتیکی گەلان ویوکسل کوچ هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای کورد-ئوروپا(کەجەکە لە ئوروپا) لەگەڵ ناوی کەسانی دیکە لەو مانگرتنەدا بەشدار بوون.