کانونی دوھەم 08, 2019 17:40 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان: هێرش بۆسەر رۆژهەڵاتی فوڕات بەزوویی دەس پێ دەکرێ

"رەجەب تەییب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتاری حەوتانەی لەکۆڕی فراکسیۆنی پارتی دادوگەشە لە پەرلەمان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی مەرجی ئەمریکییەکان بۆ پشتگریی لە کوردانی سوریای قەبووڵ نەکردووەو بەزوویی هەڵمەتی لەناوبردنی گرووپە ترۆریستییەکان لە سوریا دەس پێ دەکرێ.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە رۆژنامەی یەنی شەفەق، رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتاردانی حەوتانەی خۆی لە کۆڕی فراکسیۆنی پارتی دادوگەشە لەلێدوانێکدا بەتەوەری پرسی سوریاو گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لەمەڕ ئەو پرسە، وتی: سەبارەت بەیاسای بنەڕەتی نوێی سوریاو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئازاد لەسەر هەڵوێستە بەراییەکانمان سورین.

ناوبراو وتی: لێدوانەکانی جان بۆڵتۆن(راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) لە ئیسرائیل بۆ ئێمە قەبووڵنەکراوەو پێمان قوت ناچێ.

ئەردۆغان لە درێژەی لێدوانەکانیدا وتی: بەڵگەمان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سوریا، بڕیار وئیرادەی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ چوونەدەر لە سوریایە. ئێمە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری بەڕێزدا (ئەمریکا) ئەنجاممان دا، ئامادەیی بەربڵاومان هەیە بۆ ئەنجامدانی هەوڵێکی سەربازی . بەزوویی هەوڵەکەمان بۆ لەناوبردنی گرووپە ترۆریستییەکان لەخاکی سوریادا دەس پێ دەکەین. لەسەر ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لەدژ گرووپی وەک پەیەدەو یەپەگە مکوڕین.