کانونی دوھەم 09, 2019 13:05 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی وتەبێژی سەرۆک کۆماریی تورکیا بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئەردۆغان هیچ بەڵێنیەکی بە ترامپ نەداوە

وتەبێژی سەرۆک کۆماریی تورکیا لێدوانەکانی"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکای، لەمەڕ ئەوەی کە سەرۆک کۆماری تورکیا بەڵێنی داوە هێرش نەکاتە سەر هێزەکانی کوردی سوری، بەدرۆخستەوە.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە رۆژنامەی ملییەت؛ "ئیبراهیم کالین" وتەبێژی سەرۆک کۆماریی تورکیا لە کاردانەوە بە قسەکانی رۆژی رابردووی مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەوە کە "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا ، دڵنیایی ئەوەی بە "دۆناڵد ترامپ"ی سەرۆکی ئەمریکا داوە، هێرش ناکاتەسەر هێزی کوردی سوری و هاوپەیمانی ئەمریکا کە بەرەنگاری داعش بوونەوە" ، بە پەیامنێرانی وت: لە ڕەوتی ئەم دواییەدا کە پاش ڕاگەیێندرانی چوونەدەری هێزە ئەمریکییەکان لە سوریا دەس پێ بووە، سەرۆک کۆماری وڵاتەکەمان (تورکیا) دووجار لەگەڵ دۆناڵد ترامپ دیداری کردووە. لە هیچکام لەو پەیوەندییە تەلەیفونییانەو یان لەڕێی دیکەوە، بەهیچ لەونێک وەها بەڵێنی و دڵنیاییەک بە لایەنە ئەمریکییەکان نەهاتووەتە ئاراوە.

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکانیدا وتی: جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە، تورکیا لەمەڕ دابین کردنی ئاسایشی گیان و ماڵی شارومەندانی سوری کە کوردەکانیش دەگرێتە خۆ، زیاترین هەستیاریی پێشان داوە. بەڵام کەس چاوەڕوانیی ئەوەی نەبێ تورکیا سەبارەت بە گرووپە ترۆریستییەکان دڵنیایی بەکەس دابێ و یان بە هەر هۆیەک بێ دەنگە بکا لەبەرامبەر شەرعییەت دران بە گرووپە ترۆریستییەکان.