کانونی دوھەم 15, 2019 19:19 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان: ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شەڕڤانان رادەگرین

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ گەیشتوونەتە رێککەوتن و دوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەشیان بڕیاریداوە ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر شەڕڤانان رابگرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ لەمیانی وتارێکدا لەگەڵ ئەندامانی حزبەکەی لە رایگەیاند، "دەمانەوێت هەموو دونیا بزانێت کە پەکەکە و یەپەگە و پەیەدە لەگەڵ داعش هیچ کاتێک ناتوانن لێمان نزیک ببنەوە".ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتوینەتە ئەنجامی جیاواز، ئەو ئامادەکارییە سەربازییانەی کە لە مانگی رابردوودا ئەنجامماندا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن تەواوبون، بەڵام پەیوەندی تەلەفۆنیم لەگەڵ ترەمپ ئەنجامداوە و سەرۆک ترەمپ وتی سەربازەکانم لە سوریا دەکشێنمەوە و ئێمەش وتمان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان دوادەخەین".

شەوی رابردوو سەرۆکایەتى تورکیا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندیی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و لەبارەی دۆخی سوریاوە گفتوگۆیان کردووە. ئەردۆغان راشیگەیاند، "ترەمپ باسی دروستکردنی ئەو ناوچە ئارامەی کرد کە لە لایەن ئێمەوە دروستدەکرێـت، ئەگەر لە ڕووی لۆجیستیەوە هاوکاری داراییمان پێبگات ئێمەش ئەو ناوچە ئارامە دروستدەکەین و ئەو بابەتەش بە ئەرێنی دەبینم".

سەرۆکی تورکیا رونیکردەوە، "ترەمپ لەو کارانە بێئاگا بوو کە ئەو گروپە تیرۆریستیانە ئەنجامی دەدەن لە ناوچەکەدا، و ئێمە زانیاریانەمان پێگەیاند و لەو بارەیەشەوە سوپاسی کردین، تورکیا ئەو کارە دەکات کە پێویستە بیکات بەو مەرجەی ڕەچاوی خاڵە هەستیارەکانی بکەن".

ئەردۆغان وتیشی، "بڕوام وایە لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەماندا گەیشتوینەتە بڕیارێکی گرنگی مێژویی".هاوکات سارا ساندەرز، وتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، "سەرۆک ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا خواستی خۆی نیشانداوە بۆ پـێکەوە کارکردن بە ئامانجی چارەسەرکردنی نیگەرانیـیە ئاسایشیـیەکانی تورکیا لە بارەی باکوری سوریاوە".ساندەرز دەڵێت، "ترەمپ ئەردۆغانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی زیان بە شەڕڤانانی کورد نەگەیەنێت، ئەوان هاوپەیمانی هێزەکانی ئەمەریکان لە سوریا".