شوبات 14, 2019 12:21 Asia/Tehran
  • پەلاماردرانی بنکەی هەڵبژاردەیی بەربژاری پارتی دەسەڵاتداری تورکیا

مێدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند کە پەلامار کراوەتە سەر بنکەی هەڵبژاردەیی پارتی دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە لە شاری ئەدەنە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ماڵپەڕی هەواڵیی تی٢٤، کەسانی نەناسراو شەوی رابردوو بە کۆکتێل مۆلۆتۆف و نارنجۆکی دەسکرد هێرشیان کردۆتە سەر بنکەی هەڵبژاردەیی "فیکرەت یەنی" بەربژاری پارتی دەسەڵاتدرای داد و گەشە لە شاری ئەدەنە.

"فیکرەت یەنی" لە کەسانی سەر بە "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا، دوو هەفتە لەومەبەریش لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە بە چەقۆ پەلامار درابوو.

هەروەها دوێنی لە پارێزگای ئیزمیردا کە یەکێک لە گرینگترین پارێزگاکانی ناوەندی ململانێ و بگرە و بەردەی هەڵبژاردەیی لە نێوان باڵە گرینگ و سەرەکییەکانی دەسەڵاتی سیاسیی تورکیاییە، نووسینگە و هەمماری پارتی دیموکراتیکی گەلانیش ئاوری تێبەردرا.

هەرچەن زیاتر لە یەک مانگی ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەدارییەکانی تورکیا، بەڵام ململانێیەکی چڕ و پڕ لە نێوان پارتەکانی تورکیا لە ئارادایە بۆ بە دەس هێنانی دەنگی زیاتر و لە هەندێ ناوچەیشدا ئەو ململانێیە کێشراوە بە شەڕ و کێشە.

هەڵبژاردنی ناوخۆیی و شارەدارییەکانی تورکیا بە مەبستی دیاری کردنی شارەدارانی شارەکانی ٨١ پارێزگای ئەم وڵاتە ٣١ی مارسی ٢٠١٩ بەڕێوە دەچێ.