شوبات 15, 2019 10:26 Asia/Tehran
  • پۆلیسی تورکیا: تەرمی خاشوقچی لە ماڵی سەرکۆنسولی عەرەبستان سووتێندراوە

ژێدەرە هەواڵییەکان ڕۆژی پێنجشەممە راپۆرتیان دا کە پۆلیسی تورکیا لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە کوشتنی "جەماڵ خاشووقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگری سەعوودی، هەندێ بەڵگەیان دەس کەوتووە کە پیشان دەدات ئەگەری زۆرە تەرمی خاشووقچی لە ماڵی سەرکۆنسولی عەرەبستانی سەعوودی لە ئەستەموڵ سووتێندرابێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "القدس العربی" ؛ لە ڕاپۆرتی پۆلیسی ئەستەموڵدا هاتووە: لە ماڵی سەرکۆنسولی سەعوودی دوو بیر و تەنوورتێک کە بە گاز و دار ئاگری تێدا هەڵدەکرێ دۆزراوەتەوە و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە تەرمی خاشووقچیان پاش پارچە پارچە کردن لەو بیرانەدا سووتاندبێ. پۆلیس وتوویەتی کە ئەگەری زۆرە لە گەرمای یەکجار زۆری تەنوورەکەدا کە تینی تا هەزار پلەی سیلسیوس دەگات نمونەی "دی ئن ئەی"ی خاشووقچی تیاچووبێ.

ئەم راپۆرتە هەروەها باسی ئەوە دەکات: تیمی تیرۆر  پاش کوشتنی خاشووقچی لە ڕیستورانێک داوای گۆشتی کاڵیان کردووە بۆ ٣٢ کەس و کە وادیارە هەر لەو تەنوورەی ماڵی سەرکۆنسولی عەرەبستان برژاندوویانە. بە پێی ڕاپۆرتی پۆلیس، "خەدیجە چەنگیز" دەسگیرانی خاشووقچی کە لە دەرەوەی کۆنسولخانە چاوەڕی هاتنە دەرەوەی دەسگیرانی بووە لەو جەنایەتە گیانی بە ساغ دەربردووە و بە وتەی پۆلیس ئەگەر فەرمانبەری کۆنسولخانە هاتنی خەدیجە بۆ نێو کۆنسولخانەی ڕاپۆرت دابایە ئەویش تووشی هەر ئەو چارەنووسەی "جەماڵ" دەبوو.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ پۆلیس وێنەیەکی بڵاو کردۆتەوە کە نیشان دەدات هاودەستی تورکیایی کە لە کوشتنی خاشووقچیدا دەستی هەبووە جل و بەرگی "مستەفا مەدەنی" بدەڵەکەی خاشووقچی بە دەستەوەیە.

"جەماڵ خاشوقچی" دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا کوژرا. ڕیاز سەرەتا حەشای لە کوشتنی دەکرد بەڵام لە ئاکامدا دانی نا بەوەیدا کە ئەو ڕۆژنامەوانە بە دەستی فەرمانبەرانی سەعوودی کوژراوە.